Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان و حکوومەت کۆبوونەوەکانیان تایبەت بە بودجە دەکەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری داوە ھیچ پشوویەک وەرنەگرێت و ھەموو کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکانی حکوومەتیش تایبەت دەکرێت بە بودجە تا پەسەند دەکرێت.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکرێت و بڕیاریش دراوە پەرلەمان ھیچ پشوویەک وەرنەگرێت و مۆڵەتیش بە ھیچ کەسێک نادرێت تا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت."

د. ڤیان سەبری گوتیشی: "لەمەودوا ئەنجومەنی نوێنەران ھەر کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات تایبەت دەکرێت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق تا پەسەند دەکرێت."

باسی لەوەش کرد: "ئێمەش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ ئەوەی سەبارەت بە داواکاریی کورد و پشکی ھەرێم لەگەڵیان بگەینە ڕێککەوتن و ئەوەی جێگەی دڵخۆشیشە ھەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان ڕایان لەبارەی داواکاریی کوردەوە ئیجابییە، بۆیە گەشبینین بتوانین بگەینە ڕێککەوتنێکی باش سەبارەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە."

بڵند ئیبراھیم