Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناسر یووسف: لەبارەی بودجەی پێشمەرگەوە، زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەن كاردانەوەیان ئەرێنییە

هەولێر-KDP.info- بەشەبودجەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بودجەی بەرگریی عێراق دیاری دەكرێت، ماوەتەوە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندی ئەو پڕۆژەبڕیارە بكات، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنەكەیش دەڵێ، دڵنیان پڕۆژەكە تێدەپەڕێت.

لێكنزیكبوونەوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و ناوەند تا دێت زیاتر دەبێت، لە ئێستایشدا بە هەوڵی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بڕیار دراوە ٦٨ ملیار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتەكە بۆ مووچەی پێشمەرگە دابین بكرێت.

ناسر یووسف هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن و توانیویانە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بگەنە رێككەوتنێك و ئەو بڕەپارەیە بۆ مووچەی پێشمەرگە دیاری بكرێت، كە تەنیا ئەوە ماوە ئەو پڕۆژەبڕیارە بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەوێ پەسەند بكرێت.

ئەو روونی دەكاتەوە، كە لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی دیكەدا بەو شێوەیە گفتوگۆیان لەگەڵ كردوون، كە هەمووان نوێنەری گەلی عێراقن و پێویستە كێشە سیاسییەكانی حكوومەتی ناوەند و هەرێم نەبنە هۆی بڕینی بژێوی و مافی چیینە جیاوازەكانی عێراق، بەڵكوو هەولێر و بەغدا لە رێی كەناڵەكانی دیكەی خۆیانەوە كێشەكانیان بە پێی دەستوور و یاسا چارە بكەن.

سەبارەت بە چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژەبڕیاری دابینكردنی ٦٨ ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئالییەتی رێككەوتنیان لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی دیكەی ئەنجوومەنەكە، ناسر تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئەوان وەك فڕاكسیۆن لە گفتوگۆدا بوون و بەردەوامیش دەبن لەگەڵ ئەندامان و فڕاكسیۆنەكانی ئەنجوومەن، ئەویش لە پێناو پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەبڕیارە، كە لە داهاتوودا بخرێتە كارنامەی دانیشتنیان.

هەركی، رەتیشی دەكاتەوە كە فڕاكسیۆنەكان و ئەندامانی دیكە لەمپەر بن لە بەردەم پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەبڕیارە، وەك خۆی ئاماژەی دا، چ لەسەر ئاستی فڕاكسیۆن و چ لەسەر ئاستی تاك وەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، گفتوگۆیان لەگەڵ فڕاكسیۆن و ئەندامانی دیكەی ئەنجوومەنەكەدا كردووە و زۆربەی زۆریان لە بەرانبەر ئەو پڕۆژەیەدا كاردانەوەیان باشە و كەمینەیەك نەبێت، كە ئەوەش بە بۆچوونی ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، نابێتە هۆكاری رێگریكردن لە پەسەندكردنی پڕۆژەبڕیارەكە، هاوكات گەشبینیشە بەوەی پڕۆژەبڕیارەكە پەسەند بكرێت.

خێڵان بەختیار