Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و یەکێتی سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دیاری دەکەن

هەولێر-KDP.info-  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەریەک لە گوتەبێژی پارتی و یەکێتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتییان ئاشکرا کرد کە لیژنەیەکی هاوبەشی لێتێگەیشتن پێکدەهێنن و لیژنەی دانوستان چالاکتر دەکەنەوە بە مەبەستی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئاستێکی باڵادا کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەمەد گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە پێویستە بڕیارەکانی پێکهێنانی حکوومەت بە کرداریی بکرێن و پارتی و یەکێتیش لیژنەیەکی هاوبەشی لێکتێگەیشتن پێک دەهێنن.

مەحموود محەمەد لە بابەت ناوەڕۆکی کۆوبوونەوەکە گوتی، راشکاوانە باسمان لەوەکرد کە دەبێ خێراتر و جیددیتر بڕیارەکانمان وەربگرین و بیخەینە بواری کردارییەوە، هەروەها باسیشمان لەوە کرد کە دەبێ لیژنەی دانوستان چالاکتر بکرێت بۆ ئەوەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دابێ زووتر یەکلابکرێتەوە و سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بابەتە هەبێ.

 گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زەقنەبوون، بەڵکوو گەورە کراون، دەبێ پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی سیاسی هاوبەشیان هەبێ، چونکە هەماهەنگی هەردوولا سوودی زۆری بۆ کوردستان دەبێ. هەروەها گوتی کە هەنگاوی یەکەمیان پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێ بۆ حکوومەتێکی بەهێز.

بڕیاریشە کۆبوونەوەکان لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەردەوامیان هەبێ و لیژنەکانیش دەست بکەن بە کۆبوونەوەی خۆیان.