Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مایك پۆمپیۆ پەیامی ئەمەریكای گەیاندە هەولێر

د. محەممەد خدر مەولوود

دەبێ لە سەرەتاوە ئەوە بگوترێ، فرۆشتنی نەوت بە تانكەر بە ئێران، لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر و پێشتریش هەوڵ درابێ بۆڕیی نەوت لە كەركووكەوە بۆ ناو خاكی ئێران رابكێشرێ و ببێتە جێگرەوەی بۆڕیی هەولێر – جەیهان، گەورەترین گرفتێكن لە بەردەم ‌ستراتیژیەتی تازەی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە و دەبێ بە هەند وەربگیرێت.

دەبێ ئەوەش بگوترێ ئەو قسەیەی دۆناڵد ترەمپ: (كورد هەندۆكەك  نەفتی هەیە و ئەویش دەیفرۆشێتە ئێران)، لەسەر بنەمای زانین و زانیاریی دروست و ئاگادارییەوە سەرچاوەی گرتووە و خودی ئەمەریكاییەكانیش ئاگاداری ئەو پرۆسەیەن.

هەروا بە بێبایەخ سەیركردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی بیرێت مەكگۆرك، لەلایەن ترەمپەوە بە رادەی ئەوەی كە گوتی: (هەر نایناسم) و دانانی جێگرەوەی بۆ بابەتی هەرە گەرمی ناوچەكەمان كە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییە لە پێناو نەهێشتنی داعش و تیرۆر، لە مانایەك زیاتر دەگەیەنێ و ناكرێ خاڵی بێت بۆ ناوچەكەی ئێمە لەو هاوكێشەیە (سەردەمی مەكگۆرك، هەژموونی ئێران لە ناوچەكە و 16ی ئۆكتۆبەر و لێككەوتە و دەرهاویشتەكانی...).

دوای ئەم قسانەی سەرۆك ترەمپ، كە لە رۆژی 3ی ئەم مانگە كردنی، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە گەشتی ناوچەكەیدا ئێوارەی رۆژی 9ی كانوونی دووەم گەیشتە هەولێر و لەگەڵ  هەرسێ ئاستی باڵای سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كۆ بووەوە، كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆك و رابەری بزاڤی رزگاریخوازی كورد، نێچیرڤان بارزانی بەربژێری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی بەربژێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، وێڕای ئەوەی جەختكردنەوەی دۆستایەتیی دێرینی ئەمەریكاییەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەی دوای پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری داگیركردنی كەركووك، خودی سەردانەكە چەندین خوێندنەوەی وردی ئاییندەیی ئەو پەیوەندییە ‌و پابەند بە هاوكێشەكانی سەقامگیریی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ دەكرێت.

سەردان و كۆبوونەوەكانی هەولێری پۆمپیۆ، ئەو پەیامەیان بۆ ناوخۆ و دەرەوە لە هەگبەدا بوو، دەكرێ پەیامەكەیش لەم چەند ئاماژانەدا چڕ بكەینەوە:

یەكەم: لە دیدی ئەمەریكاییەكانیشدا سەرۆك مەسعوود بارزانی، جگە لەوەی سەرۆكی گەورەترین و بەهێزترین پارتی كوردستانی و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، سەرۆك و رابەری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانە، لەبەر چەندین هۆكاری مێژوویی و ئێستایی و ئاییندەیی، كە لە سەرۆك بارزانی بەدیكراون و لە سەرووی هەموویانیشەوە سەرۆك بارزانی هەڵگری حیكمەت و دانایی و كاریگەریی كاریزمایی مێژووكردەیە.

بۆیە پێویستە ئێمەی كورد بە جیایی بیروڕای سیاسی و لایەنگیریی حزبی، ئەو راستییە وەكو خۆی تێبگەین سەرۆك بارزانی وەك رابەر و كەسایەتی و سەرۆكی كوردستان سەیر بكەین و تەنیا وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێی نەڕوانین و قبووڵیش نەكەین كە تەنیا پارتییەكان بە سەرۆكی خۆیانی بزانن.

دووەم: پیرۆزباییكردنی خودی مایك پۆمپیۆ بۆ هەردوو كاندیدانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەر لەوەی بە كردەوە پۆستەكان بەڕێوە ببەن، پێكردنی گڵۆپی سەوزە و رەزامەندییەكی بەهێزی ئەمەریكایە، بۆ ئەم پرۆسە سیاسییەی كوردستان كە ئاییندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێوە بەندە و لە سەروبەندی چوونە نێو قۆناغێكی تازەیە كە (كوردستانێكی بەهێزە) لە عێراق و ناوچەكەدا.

سێیەم: ئاماژەی هەرە گرینگتری ئاییندەیش، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، هەولێر و دیمەشق، هەولێر و تاران، هەولێر و ئەنقەرەیە  پۆمپیۆ لەگەڵ سەرۆك بارزانی راشكاوانە باسی یرسی كوردی رۆژئاوا، بارودۆخی سووریا و كشانەوە و خۆڕێكخستنەوەی پرسی سووریای لە دیدگای ئەمەریكاییەكانەوە كردووە.

لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش، پۆمپیۆ ستاییشی ئەو بەرەوپێشەوەچوونانەی نێوان هەولێر و بەغدای كردووە، كە بە ئاشتییانە و دیالۆگ چارەسەر بكرێت، بە چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستاییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە. ناكرێ ئەوەش نەگوترێ، بەڕێز پۆمپیۆ سەرسامیی خۆی بەو سەردانەی دوایی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا نەشاردووەتەوە و بە رادەی سەرسامبوونی بە دیدگای سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.

هەمدیس بەڕێز مایك پۆمپیۆ راشكاوانە جەختی لەوە كردووەتەوە، كە تاران كەوتووەتە نێوان دوو كەوانەی ئەمەریكا و گەمارۆكانی سەر ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن و لە رۆژی راگەیاندنییەوە لەلایەن سەرۆك ترەمپەوە قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە پێش و دەبێ هەمووان بەشدار بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەژموونەی كە ئێران لە ناوچەكەدا هەیەتی. لە بارەی پرسی رۆژئاوایش، پۆمپیۆ لە هەولێرەوە ئاماژەیەكی روونی گەیاندە ئەنقەرە كە كوردە هاوپەیمانەكانی دەپارێزێت و ئەو ئاماژەیەیش هەر زوو گەیشتە مۆسكۆ و ئەنقەرە و دەبێ ئەوان لەو خاڵە گرنگە بەئاگا بن.

لە دوای سەردانە گرینگ و پڕبایەخەكەی مایك پۆمپیۆ بۆ هەولێر، كە لە دوای قسەكانی سەرۆك ترمپەوە دێت، هەولێر هەر ناوەندی بڕیاری سیاسیی كوردستانە و سەرۆك بارزانی لە هەر پلە و پایەیەكدا بێت، بۆ كوردستان سەرۆك و رابەرە و ژمارەیەكی مەزن و سەنگینی نێو ژمارەكانی ناوچەكەیە و پارت و لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆ و ناوچەكەش و جیهان لەو دیدگایەوە سەیری دەكەن و مامەڵە لەگەڵ پرسەكەیدا دەكەن و بە وردی گوێی لێ ڕادەگرن.

لە كاتێكدا دەبێ ئەو راستییەشمان لە بەرچاو بێت كە لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پرسی كەركووك و نەوتەكەی، گەورەترین درز بوو بوو كەوتە نێو ماڵی كوردستانی و قوڵایی ئەم درزەیش وا قڵیشاوەتەوە گەیشتووەتە نێو ماڵی حەشد و مەشدی تاران و كوفە و نەجەف و سلێمانی، بۆیە بە داگیركردن و فرۆشتنی چەند تانكەرێك لە نەوت، هاوكێشەكە بە ئاراستەی حەز ویستی ئەم و ئەو ناگۆڕێت، بە شەڕ و پیلانگێڕانیش بەرمیلە نەوتەكانی كەركووك ناچنە نێو هەموو سەبەتەیەكەوە.

لەوەدا پێّویستە هۆشیارانە سەیری ئەم قسەیەی ترەمپ بكرێت و بەهەند وەربگیرێت و ئەم سەردانەی پۆمپیۆش لە سەرەتای ساڵی تازەی 2019ـوە بۆ هەولێر بە بایەخ و گرینگییەكی مەزنەوە سەیر بكرێت، لە كاتێكدا لە ئێوارەی رۆژی 9 ـی 1ـی 2019 لە هەولێر، پۆمپیۆ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانەكەیدا رایگەیاند، كە ئێران لە نێو كەوانەدایە، رۆژی 10 ی مانگیش لە قاهیرەدا گوتی، ئەوسەردەمە بەسەر چوو ئەمەریكا چاوپۆشی لە كیمابارانی هەڵەبجە بكات، سووریا گوێت لێمە..؟؟  هەر دوێنێیش 12-1-2019 بەڕێز مایك پۆمپیۆ رایگەیاندووە، لە رۆژانی 13 و 14 مانگی شوباتدا لە پۆڵەندا كۆبوونەوەی لووتكە دەبەسترێ و تێیدا تەوەری سەرەكی سەقامگیری، ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ و گەرەنتیی ئەوەش بكرێت ئەوەی لە ئێوارەی رۆژی 9-1-2019  لە هەولێر گوتوویەتی، لە پۆڵەندا بێتە دی.