Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارە شاندێکی داراییی بەغدا سەردانی هەولێر بکات

بەغدا-KDP.info- جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، شاندێکی داراییی بەغدا لەبارەی مووچە و بودجەوە سەردانی هەولێر دەکەن و سەردانەکەش ئەرێنیی دەبێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە شاندێکی داراییی بەغدا سەردانی هەولێر بکات، سەردانەکە بۆ ئەوەیە بزانن ئاخۆ هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەبێت، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا دێت کە پێشتر لیژنەی دارایی لە بەغدا پێنج لیژنەی پێک هێناوە و ئەو لیژنەیەی کە دێنە هەولێریش یەکێک لەو لیژنانەیە."

جەمال کۆچەر زانیاری لەبارەی شاندەکە دا و گوتی: "شاندەکە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عەرەب پێک ھاتوون، خۆشمان وەک کورد ھەر بەشداری لیژنەکانین، ئەوان زیاتر بۆ دڵنیایی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، تا بزانن ھەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا چۆن لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات لە ڕووی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، بێگومان ھاتنیان لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە و ھێشتاش ڕۆژی سەردانەکە دیار نییە."

ئەندامەکەی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق دەربارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەڵێ: "پشکی ھەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراقدا ھەروەک خۆیەتی و گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتووە، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان کراوە زیاترە لەوەی لە بودجەدا ھاتووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پارەی کارپێکردن و وەبەرھێنان کۆ بکەینەوە، زیاتر لە ژمارەی نێو بودجەکە دەردەچێت و نزیک دەبێتەوە لە ١٤%ی بودجەی گشتیی عێراق."

کۆچەر ئاماژەیشی دا: "سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیداری لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووری هەبووە و ئێمە وەک لیژنەی دارایی، داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە سێ بابەت یەکلا بکاتەوە، یەکێ لەوانە پرسی ڕێژەی بودجەی ھەرێمی کوردستانە، چونکە نابێ بە ھیچ شێوەیەک ١٢% پشکی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەوەش بەڵگەمان لەبەردەستە بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و فۆڕمی خۆراکیش پشکی ھەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی لەنێو بودجەدا دانراوە، سەرۆکی پەرلەمانیش بەڵێنی چارەکردنی پێ داوین."

ئەو گوتیشی: "وەک ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەوە ڕازی نابن کە پارە بۆ بەرگریی عێراق تەرخان بکرێت و پشکی پێشمەرگەی تێدا نەبێت، بۆیە دەبێ بودجە بۆ هێزی پێشمەرگەش تەرخان بکرێت و خەرج بکرێت."

قائید میرۆ