Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مانگی دابێ تونێلی پیرمام دەكرێتەوە

شەقڵاوە-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شەقڵاوە دەڵێ، مانگی دابێ تونێلی پیرمام دەكرێتەوە، كە رێگەیەكی زۆر كورت دەكاتەوە و كاریگەرییشی لەسەر كەمبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەبێ.

تونێلی پیرمام، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەولێر، كە بەجووتسایدكردنی رێگەی هەولێرە تا حاجی ئۆمەران، تونێلی پیرمامیش بەشێك بووە لەو پڕۆژەیە، لەگەڵ تەواوبوون و كردنەوەی تونێلی پیرمام و بەستنەوەی بە رێگەی كۆڕێ - قەندیل، هەولێر لە شەقڵاوە نزیك دەكاتەوە بە هەمان مەودای هەولێر - پیرمام.

تۆنێلی پیرمام نزیكەی 3 كیلۆمەتر درێژە و، دوای كردنەوەی تۆنێلەكە شەقڵاوە دەبێت بە گەڕەكێك لە هەولێر و 30 خولەك رێگای هاتوچۆی هاووڵاتیان كەم دەكاتەوە و مەترسییەكانی رووداوی هاتوچۆیش كەم دەبنەوە.

جوان ڕەفیق، قایمقامی شارۆچكەی شەقڵاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "مانگی دووی ئەمساڵ، تونێلی پیرمام تەواو دەبێت و دەكرێتەوە، هەندێك كار لە تۆنێلی پیرمام ماون،  20 رۆژی دیكە ئەو كارانەیش تەواو دەبن و لە مانگی دابێ بە تەواوەتی تۆنێلەكە دەكرێتەوە، زووتریش تەواو دەبوو، بەڵام لەو ماوەیەدا هەموو رۆژێك هەر باران بووە، بۆیە كەمێك كارەكانی دوا كەوتن".

ڕەفیق دەشڵێ: "ئەو تۆنێلە گرینگییەكی زۆری دەبێت و رێگەیەكی زۆر كورت دەكاتەوە، هەروەها لۆفەكان نامێنن، ئەو قەرەباڵغییەی كە هەیە كەم دەبێتەوە و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆیش دەبێت".

جێگەی باسە، دوێنێ شەو پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، رایگەیاند كە بە شێوەیەكی كاتی ئەو تونێلە دەكرێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی كە لۆدی هاتوچۆ لەسەر رێگەی شەقڵاوە كەم ببێتەوە.

ڕابین شێروانی