Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی عێراق داوای لیستی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، بەندێك لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دانراوە، ئەگەر حكوومەتی ھەرێم و بەغدایش پابەندی رێككەوتنی نێوانیان سەبارەت بە بودجە نەبن، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە دەكات، بۆیە داوای لیستی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی كردووە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە وەك لیژنەی دارایی، بەردەوامین لە گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە گفتوگۆی لەسەر دەكەین و وەزارەتەكان بانگھێشت دەكەین، بۆیە رەنگە تا ١٠ رۆژی دیكە بتوانین بودجە ئامادە بكەین بۆ پەسەندكردن".

سەفار گوتیشی،  لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ئەمساڵ، بەندێك زیاد كراوە، ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پابەند نەبێت بەوەی رۆژانە ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی عێراق بكات، یاخود حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا نەبێت، رێككەوتنەكە ھەڵدەوەشێتەوە، بەڵام مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە دەكات، وەلێ تا ئێستا بڕەكەی دیاری نەكراوە.

دەشڵێ، پێویستە شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە داوای لیستی مووچەی  فەرمانبەر و پێشمەرگەی كوردستان كراوە، بۆیە پێویستە شاندی ھەرێم بێتە بەغدا و لیستی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەیش بۆ بەغدا رەوانە بكرێت.

بڵند ئیبراھیم