Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڵێن دراوە مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان ھاوتای عێراق بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شەھیدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، حكوومەتی عێراق بەڵێنی داوە لەمساڵدا مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان ھاوتای مووچەی بەغدا بكرێت و لە پڕۆژەیاسای بودجەیش پارەیان بۆ دیاری دەكرێت.

ھەدار بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان ھاوتای بەغدا بكرێت و دوای ئەوەی لیژنەیەك دروست كرا، داواكاریی خۆی پێشكەش كردووە، لەوانە پێویستە ئەو یاسایانەی تایبەت بە كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوانن لە ھەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ھەموار بكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار نەبووە، بۆیە سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كردووە و باسیان لەوە كرد كە لە كاتی دەستبەكاربوونی پەرلەماندا، یەكەم پڕۆژەیاسا، ھەمواركردنەوەی یاسای كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان دەبێت".

ھەدار بارزانی گوتیشی: "حكوومەتی عێراق بەڵێنی داوە لەمساڵدا مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان ھاوتای بەغدا بكرێت و لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا پارەی بۆ دابین دەكرێت، ئێمەیش داوامان كردووە ١٠٨ملیار دابین بكرێت، كە ئەمەیش لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ بەرپرسی دەزگای شەھیدان لە بەغدا داوا كراوە، بۆیە ھەوڵی جیددی بۆ ھاوتاكردنی مووچە دراوە و ئەمجارە دڵنیاین ھەوڵەكانمان سەركەوتوو دەبن".

بڵند ئیبراھیم