Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنەکەسە: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی زۆر ئەرێنی بوو

دهۆک-KDP.info- سەرکردەیەکی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی سەرکردایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا  ئەنەکەسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی زۆر ئەرێنی بوو.

ئەمڕۆ، پینجشەممە، ١٠ی ١ی ٢٠١٩، شاندێکی ئەنەکەسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەربارەی چەندین پرسی جیاواز بە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە. لەو بارەیشەوە، محەمەد ئیسماعیل، کە لە شاندەکەی ئەمڕۆی ئەنەکەسەدا بوو، کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە، گوتی: ''چەندین تەوەرمان دەربارەی ڕۆژئاوای کوردستان باس کردوون و سوپاسی سەرۆک بارزانیمان کرد، بۆ ئەو خەمخۆرییەی سەرۆک سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان هەیەتی."

محەمەد ئیسماعیل گوتیشی: ''داوامان لە سەرۆک بارزانی کرد دەنگ و مەزلوومیەتی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بە ناوەندی دیپلۆماسی و شوێنە بڕیاردەرانی جیهانی بگەیەنێت بۆ ئەوەی ڕەوشەکە باشتر بێت و ناوچەکان پارێزراو بن."

لە دوای تێکچوونی ڕەوشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا، بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، چەندین جار سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەو ڕەوشەی لە سووریا هەیە دەربڕیوە.

کــاروان بــاعەدری