Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەروێز ڕەحیم: سەردانی پۆمپیۆ بۆ هەولێر مەسجێکی گرینگ بوو درایە ناوچەکە

ھەولێر-KDP.info- ئەمەریکا ئێستا ھەرێمی کوردستان وەکو پێگە و بنکەیەکی پارێزراو لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بۆ ھیزە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەبینێت و تا ڕادەیەکی زۆر ھاوشانی وڵاتانی سەربەخۆی ناوچەکە گرنگ ی پێ دەدات. مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانیش دەڵێت، ئیدارەی ترامپ ئەو ڕاستییە باش دەزانێت کە بێجگە لە کاریگەریی پێشمەرگە و کورد لە شەڕی دژی تیرۆر، ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە ئەکتەریکی کاریگەرە لە ڕووی ئاسایشی و جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمیک و جیۆستراتیژییەوە.

دوێنێ ٩ی ١ی ٢٠١٨ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، سەردانەکەی وەزیری دەروەی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ  سەرۆک بارزانی و  سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە دوو ڕوانگەی گشتی و تایبەتەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. وەک مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، پەروێز ڕەحیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕوانگەی گشتییەوە ئەم سەردانە بەشێکە لە سیاسەت و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیدارەی ترامپ لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست دەربارەی توندوتۆڵکردنی گوشار و ئابلۆقە و سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بە یارمەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا. بەم واتایە کە ھاوکات جۆن بۆڵتۆن لەو چوارچێوەیەدا و بەتایبەتی پاش بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا سەردانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کرد بە سەردانی ھەریەکە لە وڵاتانی ئیسرایل و تورکیا پەیام و سیاسەتی ئەمەریکای لەوبارەیەوە بەو ولاتانە ڕاگەیاند. تورکیا وەک دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ و لە ھەمان کاتدا گرنگ لە ناوچەکە، بەڵام ئێستا جێگەی ھەڕەشەیە بۆ سیاسەت و دەسکەوتەکانی ئەمەریکا لە سووریا، ئیسرایلیش وەکو سەرەکیترین ھاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."

بۆیە لەم کاتەدا پۆمپیۆ سەردانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ ئەوەی لە لایەک دڵنیایی بداتە ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کە دەرچوونی ئەمەریکا لە سووریا بە واتای بۆشاییی ھێزی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نایەت و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دژایەتیی تیرۆریزم و پاراستنی ھاوپەیمانەکانی و لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی ناوچەکە لە دژی ئێران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا ڕیک بخات. بەم واتایە کە ئەو وڵاتانە لەگەڵ یەکتری و ھەروەھا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمەریکا ھەماھەنگیی زیاتریان ھەبێت و تەنانەت بەشدار بن لە ستراتیژیی نوی ئەمەریکادا."

ڕەحیم گوتیشی: "ئیدارەی ترامپ ئەو ڕاستییە باش دەزانێت کە بێجگە لە کاریگەریی پێشمەرگە و کورد لە شەڕی دژی تیرۆر، ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا ئەکتەرێکی کاریگەرە لە ڕووی ئاسایشی و جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمیک و جیۆستراتیژییەوە. لە لایەک عێراق سەقامگیر نابێت ئەگەر ململانێ، یاخود بارگرژی لە نێوان بەغدا و ھەولێردا بەردەوام بێت و لە لایەکی تریشەوە سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراقی زۆرینە شیعە کە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر تێیدا باڵادەستە، کورد دەتوانێت ڕۆڵی باڵانس ببینێت."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: "سەردانی پۆمپیۆ بۆ ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ئەمەریکا دەزانێت بەشیکی زۆر لە کورد، جگە لە بەشێکی زۆر کەم نەبێ، بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە ئەمەریکا نیگەرانن، بۆیە ئەم سەردانە دەتوانێت دروستکردنەوەی متمانەی دوولایەنە و دووپاتکردنەوەی ھاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەندراو و ھەروەھا سڕینەوەی نیگەرانییەکان لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان بێت. بێگومان ئەمەریکا باش ئەو ڕاستییەش دەزانێت کە سەرۆک بارزانی و نێچرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جومگە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانین لە عێراق و ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا خۆیان و پارتەکەیان نفووز، ڕەوایەتی و پێگە و قورساییی سەربازی، سیاسی و یاساییان ھەیە. دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ٢٠١٨ وەک نموونە ئەمەی زیاتر دەرخست."

پەرویز ڕەحیم, زیاتر ئاماژەی بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد و وەک پەیامێک بۆ ھێزە سیاسییەکان و عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی نیشانی دا و  گوتی: "لە کۆتاییدا بێجگە لەوەی کە ئەمەریکا ئێستا ھەرێمی کوردستان وەکو پێگە و بنکەیەکی پارێزراو لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بۆ ھێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەبینێت و تا ڕادەیەکی زۆر ھاوشانی وڵاتانی سەربەخۆی ناوچەکە گرنگیی پێ دەدات. سەردانی وەزیری دەروەی وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا بۆ ھەولێر و دانیشتن لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەیامێکە بۆ ھێزە سیاسییەکان و حکوومەتی عێراق و ھەروەھا وڵاتانی ئیقلیمی کە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کەسایەتیی سەرۆک بارزانی ئەو پێگە و ڕۆڵەی ھەیە کە جێگەی متمانە و گرنگییە و بەم پێیەش جێگەی پشتیوانیی ئەمەریکا دەبێت. کە ئەمەش بەو واتایەیە ھیچ لایەنیک لە عێراق و ناوچەکە بیر لە پەراوێزخستنی ھەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی نەکاتەوە، چونکە بۆ ئەمەریکا گرنگە، بەتایبەتی بە ھۆی ئەو ڕووداوانەوە کە لە سەردەمی پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان ھاتنە ئاراوە."

فایزە کۆیی