Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وڵاتان بە گرینگ سەیری پێگەی هەرێم لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەکەن

ھەولێر-KDP.info- ماموستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دنیا بووەتە پایتەختێکی گرنگ، بۆیە سەرکردەی ھەموو وڵاتان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش بەھێزیی پێگە و قورساییی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

د. ساڵح مەلا عومەر، چاودێری سیاسی و ماموستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین و عێراق و ھەرێمی کوردستان مەبەستی تایبەتی ھەیە، لەوانە ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و پێکهێنانی ھاوپەیمانییەک بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستانیش ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکێک لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر باسیان لەوە دەکرد ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی نەماوە، بەڵام ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بەردەوام لە بەھێزبووندایە، چونکە سەرۆک بارزانی سەرەڕای ئەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمیشی نییە، بەڵام کەسایەتییەکی نێودەوڵەتییە و پێگەیەکی بەھێزی ھەیە."

د. ساڵح مەلا عومەر گوتیشی: :ھەولێر بووەتە پایتەختێکی گرنگ و بووەتە شوێنی گەمەیەکی سیاسیی گرنگ کە نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر عێراق ھەیە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر ھەموو گەمەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ھەیە، بۆیە تەنیا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نییە و وەزیری دەەروەی ئێران و فەرەنساش دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگیی تایبەتی ھەیە، دروستکردنی پەیوەندی بە تەنیا لەگەڵ بەغدا بەبێ ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت."

د. ساڵح مەلا عومەر ئاماژەیشی دا: "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان مەسجێکی  پێیە، ئەویش ئەوەیە کە پێش چەند ڕۆژێک سەرۆکی ئەمەریکا ھاتە عێراق و لەگەڵ ھیچ سەرکردەیەکی عێراق دیداری نەکرد و ڕەخنەی لێ گیرا کە ئەمەریکا ئیدی گرنگی بە عێراق نادات، بەڵام ھاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەوە بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە کە ئەمەریکا لە سیاسەتی خۆیدا گرنگیی تایبەت بە عێراق دەدات و بۆ ھەرێمی کوردستانیش پەیامی ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان چەند بەھێز بێت بۆ ئەمەریکا زیاتر گرنگ دەبێت و ئەوە ڕاست نییە کە ھەرێم گرنگی لەدەست دابێت، بۆیە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ھەرێم لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گرنگیی تایبەتی ھەیە، چونکە سەردانی ھەر وڵاتێکی کردبێت تەنیا چووەتە پایتەختی وڵاتەکە، لەوانە ئوردن، بەڵام بۆ عێراق سەردانی ھەرێم و بەغدای کردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، وەکو وڵاتێک ھەرێمی کوردستان دەبینن و ھەرێمیش بە قورساییەکی زۆرەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تەماشا دەکرێت."

بڵند ئیبراھیم