Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆچی فۆکسی دنیا لەسەر ڕۆژهەڵاتی فوڕاتە؟

دهۆک-KDP.info- ڕۆژهەڵاتی فورات ناوچەیەکی ستراتیژی و جیۆسیاسییەکی گرنگی ململانێ نێودەوڵەتییەکانە لەنێو خاکی سووریادا و بووەتە تەسفیەی حساباتی وڵاتانی جیهانی. پسپۆرانیش دەڵێن، پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات بووەتە کێشەیەکی گەورە و تاقیکردنەوەیەکی گەورە لە بەرامبەر پەیەدە و هیچ لایەک ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بیت.

ئێستا کاربەدەستانی ئەمەریکا دەربارەی کشانەوەی هێزەکانیان چەندین لێدوانی جیاوازیان هەیە، هەندیك جار دەڵێن، دەبێ بەپەلە بکشێنەوە، هەندێک جاریش دەڵێن، کشانەوەمان کتوپڕ نابێت و قۆناغ  بە قۆناغ دەبێت، جاری واشە دەڵێن، کورد لەو پارچەیە دەپارێزین، ئەمە بووەتە بابەتێکی ڕۆژەڤ و کاردانەوەی میدیاییی جیهانیی لێ کەوتووەتەوە. لەبارەی ئەوە کە ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ کامە لایەن یەکلایی دەبێتەوە، تاریق خەرکی، جێگری سکرتێری پارتی ئازادیی کوردستان لە سووریا، پێی وایە، ئەو کردەوانەی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا نەمانی کارە لەو پارچەیە، چونکە ئەمەریکا سەرەتا گوتوویەتی ئەو کاتەی داعش تەواو دەبێ بکشێنەوە، کەواتە لە سووریا ئەمریکا بەدەلی سیاسیی نییە، بەڵکو ڕاسپێڕدراوی سەربازییان هەیە.


دەستبەرداربوونی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ هیچ لایەک ئاسان نییە

خەرکی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پەیەدە بەو ڕووبەڕە فراوانەی ڕۆژهەڵاتی فورات و چەندین ناوچەی تر، لەوانەش منبج و دیرەزۆر و ڕەققە کاری خۆی زەحمەتتر کردووە. پەیەدە دەیەوێت لەو ڕووبەرە فراوانەدا لایەنێک هاوشانی بێت، بۆیە سووریای هێناوەتە ناو هاوکێشەی سیاسییەوە، چونکە ڕۆژهەڵاتی فورات ناوچەی یەکلاکردنەوەی وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمییە و هیچ وڵاتێک بە ئاسانی دەستبەرداری نابیت." شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێێ وایە، ٩٠%ی سەرچاوەی داراییی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و باکووری سووریایە، بۆیە دەستبەرداربوون لەو ناوچەیە بە ئاسانی نابیت. سامی ڕیکانی دەڵێت: "یەکلابوونەوەی تەواو لەو ناوچەیە بۆ هیچ وڵاتیک نابێت، دەبێ کوردیش لەم ناوچەیەدا خۆی بگونجێنێت.


سیناریۆ نێودەوڵەتییەکان
ت
ورکیا دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات پێداگری دەکات و ئەردۆغان چاوپێکەوتنی لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕەت کردووە، دوای ئەوەی بۆڵتن گوتی، ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناکشێتەوە تاکو گەرەنتی لە تورکیا وەرنەگرێت کە هێرش نەکاتە سەر کوردانی سووریا. تورکیا دڵی بەوە خۆشە هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنەوە، چونکە تورکیا چاوی لە منبج و ڕۆژهەلاتی فوراتە و وەک سەرکردەکانیان دەڵێن تا هێزەکانی کورد لەو ناوچەیە هەبن ئەوان مەترسییان لەسەر هەیە و بۆ ئەوەی سیناریۆی عەفرین دووبارە نەبێتەوە، بە ئاسانی دەستبەردانی منبج و ڕۆژهەڵاتی فورات نابێت، هێزەکانی سووریاشی کردووە بە هاوشانی خۆی.

کـــاروان بــاعەدری