Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەریتانیا پشتیوانی زیاتری بۆ مەشق و راهێنانی پێشمەرگە دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info-  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای بەریتانیا کۆبوویەوە و شاندەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و هاوکاری و پاڵپشتیی زیاتری هەرێمی کوردستان  بە تایبەت لە بواری مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠/١/٢٠١٩ مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ سێرجۆن لۆریمێر، گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە جۆن ویلکس بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و میکانیزمی هەماهەنگی زیاتری بواری دژ بە تیرۆر گفتوگۆی لە سەر کرا.
مه‌سروور بارزانی هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و پێشوازیی له‌ پشتیوانییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كرد و داوای کرد بەریتانیا لە مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام بێت و هەرێمی کوردستانیش سووود لەو پرۆگرامە پێشکەوتووانەی راهێنان وەربگرێت کە بۆ هێزەکانی عێراق دیاریکراوە.
لەلای خۆیەوە جەنەراڵ لۆریمێر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و هاوکاری و پاڵپشتیی زیاتری هەرێمی کوردستان  بە تایبەت لە بواری مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.