Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خۆشەوی مەلا ئیبراهیم: پەیوەندییەكانی هەرێم و رووسیا بەهێزتر بوون

 

رووسیا-KDP.info- نوێنەری پارتی لە رووسیا دەڵی، پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و ڕووسیا، بە بەراورد لەگەڵ رابردوو تەشەنەیان سەندووە و لە ئاستی باڵادان، برەودانیش بەو پەیوەندیانە، پەیوەستە بە بەهێزیی هەرێمی كوردستانەوە.

خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو و هۆشیار سیوەیلی وەك بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حزب، لەگەڵ میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری پۆتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، كۆ بوونەتەوە و باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و رووسیا كراوە، كە باشتر و فراوانتر بكرێن.

ناوبراو ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە وەك نوێنەری پارتی دیموكراتی كورستان لە رووسیا، داوایان لەو وڵاتە كردووە، كە بەشێكی تایبەت بە كورد لە وەزارەتی دەرەوەیاندا بكرێتەوە، تا پەیوەندییەكانیان توندوتۆڵتر بن، لە هەوڵیشدان بۆ دامەزراندنی چەندین رێكخراوی دیكەی كوردی لەو وڵاتە.

خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، بەو پێیەی ئەزموونێكی زۆری لەو وڵاتەدا هەیە، جەخت لەوە دەكاتەوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر، ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەو وڵاتە بەهێزتر بوون، بەو پێیەی لە ئاستی باڵا و كەسانی كاربەدەست و خاوەن بڕیار، پەیوەندییەكان رێك خراون.

 

خێڵان بەختیار