Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی، لەگەڵ شاندی سەركردایەتیی ئەنەكەسە كۆ بووەوە

 

هەولێر-KDP.info- شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، داوایان كرد سەرۆك دەنگ و مەزڵوومیەتی گەلی كورد بە ناوەندە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكان بگەیێنێت.

سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 1ـی 2019، لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی سووریا و گۆڕانی هاوكێشە مەیدانییەكانی سوریا تاوتوێ كران و شاندی میوان كورتەیەكیان لە بارودۆخی هاووڵاتیانی كورد لە سووریا و نیگەرانییەكانیان لەمەڕ ئاییندەی كورد لەو وڵاتە، بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا، شاندی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، سوپاسی خۆیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند، كە هەردەم پشتیوان و خەمخۆری گەلی كورد لە سووریا بووە و پێزانییان هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی ئەو دواییەی سەرۆك بارزانی لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا. داوایشیان كرد كە سەرۆك بارزانی دەنگ و مەزڵوومیەتی گەلی كورد بە ناوەندە دیپلۆماسی و دەولییەكان بگەیێنێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە تازەكان و پاراستنی گەلی كورد لە سووریا، ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.