Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی: ئەمەریكا دەستبەرداری دۆستەكانی نابێت.. پەیوەندییەكانمان بەرەو پێشتریش دەچن

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دەڵێ، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێم و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، مەرجەعیبوونی سەرۆك بارزانی لە عێراق و هەرێم نیشان دەدات.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ١ی ٢٠١٩، لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و بە ئامادەبوونی دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ ڤاگین، كونسووڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێر كۆ بووەوە. لە میانەی كۆبوونەوەكەیشیاندا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆر تاوتوێ كران، هەردوولا هاوڕا بوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی نوێ بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئارادایە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایش جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی وەك هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێی وایە كە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێكە لە بەرنامەیەكی فراوانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەشدارن لە شەڕی دژ بە تیرۆر، لە هەمان كاتیشدا كە بە دۆست و هاوپەیمانی ئەمەریكایش هەژمار دەكرێن.

هۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێم، بە دڵنیاییدانی ئەو وڵاتە بە دۆستەكانی ناو دەبات، ئەویش بەو پێیەی بڕیارەكەی ترەمپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان، جۆرێك لە نائومێدی لای دۆستەكانی بەرانبەر بەو وڵاتە دروست بوو، گوتیشی: "ئەمەریكا دەیەوێت بڵێت كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە، هاوكات دەستبەرداری دۆستەكانیشی نابێت، بە تایبەت ئەوانەی لە جەنگی دژ بە تیرۆردا بەشدار بوون".

گرینگیی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، بە بۆچوونی سیوەیلی لەوەدایە، چەندین خوێندنەوە و قسەی هەڵە لەبارەی لاوازیی پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەكرا، ئەوەش لە لایەن ئەمەریكاوە جەختكردنەوەیە بە پابەندبوون بە هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە سەرۆك بارزانی لە هەر پێگەیەكدا بێت، پێگەیەكی تایبەتی هەیە و وەك مەرجەعێك لە عێراق و هەرێم حیسابی بۆ دەكرێت.

پێیشی وایە، هەڵوێستی ئەمەریكای بەرانبەر كورد دووپات كردەوە، كە ئەو وڵاتە دۆستە و بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا دەكات، ئەویش لە ژێر رۆشنایی دەستووری عێراقدا، لە كاتێكیشدا هەمیشە كورد داوای جێبەجێكردنی دەستووری كردووە.

 رۆژی هەینی ٦ی ٧ی ٢٠١٨، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرۆس كۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و، ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی كۆمەڵگەی كۆنسووڵخانەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر داندرا. هۆشیار سیوەیلی دەڵێ، ئەمە بە گرینگی سەیركردنی هەرێمی كوردستانە لە لایەن ئەو وڵاتەوە، كە وەها كۆنسووڵخانەیەك لە پایتەختی هەرێم لە لایەن وڵاتێكی زلهێزەوە دەكرێتەوە، كە نزیكەی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

سیوەیلی، تیشك دەخاتە سەر ئەوەش، كە ئەمەریكا بە كردنەوەی كۆنسووڵخانەكەی لە هەولێر، ئاماژەیەكی روونی دا، كە ئەو وڵاتە دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و پەرە بە پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ هەرێم بدات، بە بێ جیاوازی كۆمارییەكان یا دیموكراتەكان، لە داهاتوویشدا پەیوەندییەكان بەرەو پێشتریش دەچن.

 

خێڵان بەختیار