Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ڤیان: وەزارەتی داد بۆ كورد یەكلا بووەتەوە

 

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە، بڕیاریش وایە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بكرێت، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش دەڵێ، پۆستی وەزارەتی داد بۆ كورد یەكلا بووەتەوە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و تێیدا چەند تەوەرێك باس دەكرێن، كە یەكێك لە خاڵەكان پرسی بودجەیە، پۆستی وەزارەتە بەتاڵەكانیش گفتوگۆی لەسەر ناكرێت.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پێنج تەوەر باس دەكرێن، كە تەوەری یەكەم سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەیە، ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبنەوە و ٣٢ ماددە گفتوگۆ دەكرێن، بەڵام وەك ئەو گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دەنگ لەسەر كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكان نادرێت".

ھەر سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستە وەزارییەكان، كە تاوەكو ئێستا ئەم پرسە یەكلا نەكراوەتەوە، كە لە نێوان ئەو وەزارەتانە پۆستی وەزارەتی داد بەر كورد دەكەوێ، سەبری ڕایگەیاند: "كورد دوو پۆستی وەزاریی وەرگرتوون كە دارایی و نیشتەجێبوونن، یەكێك لەو پۆستانەی كە ماوە وەزارەتی دادە، كە ئەو پۆستە بەر كورد كەوتووە، بە ڕای د. ڤیان: "ئەو پۆستە یەكلا بووەتەوە بۆ كورد و تەنیا ئەوە ماوە بۆ كام لایەنی سیاسیی كورد دەبێت".

بەپێی سازانی لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان، وەزارەتی ناوخۆ پشكی شیعەكانە، وەزارەتی بەرگری پشكی سوننەكانە و وەزارەتی دادیش، بۆ كوردە.

د. ڤیان هەروەها دەڵێ: "وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لاریمان نییە ئەو پۆستە بە كام لایەنی سیاسی بدرێت و ھەر لایەنێك بێت، ئێمە پشتگیری دەكەین".

 

ھەڵكەوت محەممەد