Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سلێمانی.. هاووڵاتیان بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی بۆ تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری، دڵخۆشن

 

سلێمانی-KDP.info- تەرخانكردنی تێچووی تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی، جێی خۆشحاڵیی سەرجەم چین و توێژەكانی شارەكەیە و بە چاوی ڕێزیشەوە دەڕواننە هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی.

رێككەوتی ٦ی ١١ی ٢٠١٣، عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری سلێمانی دانا، كە پێك هاتووە لە رێگەیەكی دووسایدی خێرا و بە درێژایی ١٤٦ كیلۆمەتر بە چواردەوری شاری سلێمانیدا دەسووڕێتەوە، ماوەی پێنج ساڵیشە ئەو پڕۆژەیە راگیراوە، بەڵام ٧ی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەی تێچووی پڕۆژەكەی دا، كە بریتییە لە ٤٦٩ ملیار دینار، وەك سەرەتایش بڕی ٩٠ ملیار دیناری بۆ دابین كراوە.

"ئەگەر ئەو شەقامە تەواو بێت، ئەو جەنجاڵییەی ئێستا لەسەر شەقامی شەست مەتریدا هەیە، نامێنێت و هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاسان دەبێت"، ئەمە قسەی ئالان عەلی، دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و وێڕای سوپاسكردنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، گوتی: "ئەو بڕیارەی كاك نێچیرڤان بارزانی، دڵخۆشی كردین، بەو پێیەی نەك تەنیا دەبێتە هۆی ئاسانكردنی هاتوچۆ، بەڵكوو هەلی كاریش بۆ چەندین كەس دەڕەخسێنێت". 

ئاری جەمال، گەنجێكی دانیشتووی سلێمانییە و وەك خۆی ئاماژەی دا، ھەموو ھاووڵاتیانی شارەكە دڵخۆشن بەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە بڕوای ئەو، كەس نییە بە تەواوكردنی شەقامی ١٠٠ مەتری دڵخۆش نەبێت، بەو پێیەی لە ٢٠١٣ـوە ئیدارەی ئەو شارە بەردی بناغەی شەقامەكەی داناوە و كاری تێدا نەكراوە.

"بۆیە دڵخۆشین، ئەندازیاری ئاوەدانی ئەم بڕیارەی دەركردووە و خزمەتی ئەم شارەی كرد، ‌دڵنییاین لە كابینەی نوێی حكوومەتیشدا پڕۆ‌ژەی باشتر لەم شارەدا جێبەجێ دەكرێن". ئاری وای گوت.

 "پڕۆژەكانی ئەم شارە وەك پێویست نین، بڕیارەكەی سەرۆكوەزیران بۆ ئێمە ئەوە دەگەیەنێت، كە تواندرا ئەو دەستی ئاوەدانییەی لە پارێزگای ھەولێر هەیە، بگەیەندرێتە شاری سلێمانییش". ئەمە قسەی رۆژ حەیدەری دانیشتووی سلێمانییە.

بە بۆچوونی رۆژ حەیدەر، شاری سلێمانی پێویستی بە خزمەتی زۆرتر ھەیە، وەك وەبیرهێنانەوەیەكیش گوتی: "رابردووی ئەم شارە ناشاردرێتەوە، كە رەوتێكی زۆری لەسەر بواری نەتەوەیی هەبووە و پێیشی وایە ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی هەرێم، یەكەم و كۆتا خزمەت نابێت بۆ شاری سلێمانی.

رێبین ئازاد، قوتابی كۆلێژ، ئەمساڵ یەكەم ساڵی خوێندنیەتی و زانكۆكەی كەوتووەتە لایەكی دیكەی ئەو گەڕەكەی لێی دەژین، كە خەباتە، باسی ئەو قەرەباڵغییەی بەیانیان دەكات، كاتێ دەیەوێت بچێتە زانكۆ، "ناچارم بەیانیان زۆر زوو لە خەو هەستم، كە هێشتا دنیا تاریكە، بەرەو زانكۆ بەڕێ بكەوم، نەوەك دوا بكەوم، چونكە بەیانیان شەقامی شەست مەتری هێندە قەرەباڵغ دەبێت، نزیكەی ٤٠ خولەك دەبێت لەناو ئوتۆمبێلدا بین".

رێبین گەشبینە بەوەی، گەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بكرێت، ئەو هەموو ئۆتۆمبێلەی لەبەر نەبوونی شەقامی دیكە ناچارن شەست مەتری بەكار بێنن، دەچنە سەر شەقامە نوێیەكە و قەرەباڵغیی سەر شەقامەكەیش نامێنێت، گوتیشی: "سوپاسی جەنابی سەرۆكوەزیران دەكەین كە ئەو بڕیارەی دا، بە هیواین لە داهاتوویشدا كابینەی نوێ زیاتر چاوی لە خزمەتكردنی شاری سلێمانی بێت".

بڕیار بوو پڕۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری، لەلایەن ٣ كۆمپانیای بیانییەوە و بە سێ‌ قۆناغ جێبەجێ بكرێت، كە قۆناغی‌ یەكەم لە تاسڵووجەوە بۆ بازگەی عەربەت_ سلێمانی دەستی پێ بكرێت، ئەویش بە درێژی‌ 33 كیلۆمەتر و بوونی ٨ یەكتر بڕ و٦٠ ئاوبڕی‌ سندووقی‌ و چەندین بڕگەی‌ تەواوكاریی‌ دیكە، هاوكات بەشی دووەمی پڕۆژەكەیش لە تاسڵووجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ تونێلی پێشڕەو و بەشی سێیەمیش لە تونێلی پێشڕەوەوە بۆ بازگەی عەربەت درێژ بێتەوە.

 

 

هەڵكەوت محەممەد- فایزە كۆیی