Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌مڕۆ دڵزاری شاعیر پێی نایه‌ ته‌مه‌نی 100 ساڵی

 
ھەولێر-KDP.info- شاعیرێکی ناوداری کورد ئەمڕۆ تەمەنی دەبێتە سەد ساڵ، کە بەشێکی ژیانی لە گرتووخانەکان و پێشمەرگایەتیدا بەسەر بردووە.
 
شاعیری ناوداری کورد دڵزار کە ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، وەک لە زمانی خۆیەوە گوتوویەتی، لە ئێوارەی رۆژی ٨ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠ لە شاری کۆیە و لە بنەماڵەیەکی ناسراو، بەڵام دەستکورت لە دایک بووە، کە ئەوکات تازە جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی پێهاتووە و گرانییەکی سەیر رووی لە کوردستان کردووە.
 
شاعیر لە باسی ژیانی خۆیدا باس لەوە دەکات، کە باوکی هەمیشە شیعری فارسی بۆ کردوونەتەوە کوردی، هاوکات داستانی جوانیشی بۆ خوێندوونەتەوە، لەوانە شانامەی فیردۆسی، کە کاریگەری لەسەری هەبووە، هاوکات ئەوەش دەڵێ، کە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی کردووە و فێری نووسین و خوێندنەوە بووە.
 
هاوکات لە ساڵی ١٩٢٩ و لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیەدا دەکرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت، دواتر لە شوباتی ١٩٤٣ دەبێتە سەرباز.
 
دڵزاری شاعیر، کە ئەمڕۆ ٩٩ ساڵی تەمەنی تەواو دەکات و پێ دەنێتە سەد ساڵی ژیانییەوە، هاوکات بە پێی دەقێکی شیعری خۆی مێژووی خۆی گێراوەتەوە، کە دەڵێ:
 
هەشتی یەکی هەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو  
 
حەفتا و دوو ساڵی رەبەق لە تەمەنم تەواو بوو  
 
وەک کەسانێکی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین  
 
دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین  
 
بەڵام ئەوەی کە مایەی سەبەرزی و شانازییە  
 
سەرشۆرنەکردنمان و خەبات و گیانبازییه‌ 
 
دڵزاری شاعیر له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ شیعر نووسین و نازناوی "دڵزار"ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ و پێی ناسراوه‌، برای شاعیرانی كۆچكردوو خاتوو فریشتە ‌و کەریم شارەزایە، لە بنەماڵەیەکی ئەدەبپه‌روەری هۆشیار گه‌وره‌ بووه‌. 
 
ئه‌و شاعیره‌ توانیویه‌تی زۆر بە باشی فێری زمانەکانی عه‌ره‌بی، فارسی، ببێت، به‌شێكی زۆری ژیانی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی و گرتووخانه‌ و ده‌ربه‌ده‌ری به‌سه‌ر بردووه‌، زیاتر له‌ 15 ساڵی ته‌مه‌نی له‌ دووری خێزانه‌كه‌ی ژیاوە.