Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری حەمەعەلی: هاتنی سەربازانی ئەمەریكا بۆ سەربازگەی "كەی وەن" بۆ چەند مەبەستێكە

 
 
كەركووك-KDP.info- ئەمەریكا هێزی زیاتری رەوانەی سەربازگەی "كەی وەن"ـی كەركووك كردووە و بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكیش پێی وایە، بۆ چەند مەبەستێكە، لەوانەش نەهێشتنی هێزەکانی باشوور و ناوەڕاست لە ناوچەکە و بوونی جموجۆڵە زۆرەكانی گرووپەکانی داعش لەو سنوورە.
 
نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "كەی وەن سەربازگەیەكی تایبەت بووە بە ئەمەریكاییەكان، دەشیانەوێت هێزە زیادەكانی دیكەیان لەو سەربازگەیەدا كۆ بكەنەوە".
 
حەمەعەلی روونی دەكاتەوە، بردنی هێزی دیكەی ئەمەریكا بۆ سەربازگەی كەی وەنی كەركووك، بۆ چەند مەبەستێكە، وەك بوونی مەترسی لەسەر ناوچەكە و سەرهەڵدانی گرووپی دیكەی وەك نەقشبەندییەكان و جموجوڵەكانی داعش، كە لەو ناوچانەدا زۆر بوون، هاوكات بۆ بوونی پلانی دیكەی خۆیشیانی گێڕایەوە.
 
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، پێیشی وایە، زیادكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەو سەربازەگەیە، بۆ دابڕینی ئەو هێزانەن كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، تا وردە وردە دووریان بخەنەوە لە کەرکووکیان دابڕێنن و هێزی دیکە کە خەڵکی شارەکەن جێگر بکەن، ئەو گەشبینیش بوو بەوەی، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بارودۆخی شارەكەیش بە قازانجی كوردستان دەگۆڕدرێت.
 
سەربازگەی كەی وەن، بە دووریی ١٥كم دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای كەركووك، كە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە، هێزەكانی ئەمەریكای تێدا جیگیر كراون.
 
خێڵان بەختیار