Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێك بۆ بەرهەم هەڵدەدەین بەڵام بە مەرجێ..

زکری مووسا
ماوەیەكە بەرهەم ساڵح دوو سێ میرزای ڕاسپاردووە كاری بۆ بكەن بۆ ئەوەی ئیعتبارە دۆڕاوەكەی لەناو هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئیعتبار و پێگەی ئەم زاتە لەناو خەڵكی كوردستان ئەوەندە داڕماوە، ئەم جۆرە عەریزەنووسینانەیش دادی نادەن.

سلێمان عەبدوڵڵا یونس كە یەكێكە لە ڕاسپێردراوەكانی بەرهەم، نووسیویەتی لەناو پارتیشدا خەڵك هەن بە سەركەوتنی بەرهەم خۆشحاڵن و پێكیان هەڵداوە و، هەروەها گەڕانەكانی دكتۆریش بۆ ئەملا و ئەولا بە ئەمری واقیع دەزانێ و دەشڵێ پارتی كە بەهۆی ڕیفراندۆم بڕشتی لێ بڕاوە ناتوانێ پێشی پێ بگرێت.
لە ڕاستیدا بەرهەم ساڵح كە كاتبێكی خۆی ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەی كەسبی ئیعتیباری بۆ بكات دەبێ ئەو خاڵانەی هەمیشە لەبیر بێ كە:

یەكەم: بەرهەم ساڵح نوێنەری كورد نییە و هەرگیز نابێتە نوێنەری میللەتەكەی چونكە بە دەنگی كورد هەڵنەبژێردراوە. خەڵك لەبیر ناكات كە لەسەر پشتی چ فرتوفێڵ و سەفەقەیەكی گوماناویدا بووە هۆی دەرهێنانی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دەستی كورد و دواجار شۆڤێنی و نەیارانی كوردستان بڕیاریان لەوەدا كێ ببێتە سەرۆك كۆمار.

دووەم: ئەو وەك ئاوخواردنەوە پشتی كردە حزبەكەی و هاودیدەكانی و دروشم و ئامانج و هاوڕێكانی بە كورسییەكی كەم بەها گۆڕیەوە. لێرەدا كەس حورمەتی ئەو پیاوەی نەشكاند بەڵكو خۆی، حورمەتی بۆ خۆی نەهێشت. پێشێلكردنی پڕەنسیپ ئەوەندە زەقە، هیچ باشكاتب و فەیلەسووفێك ناتوانێ بۆی پینە بكات.

سێیەم: دیفاكتۆ بە پشتكردن لە پڕەنسیپ و ئەخلاق دروست نابێ. دیفاكتۆ ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئەو بە نوێنەری خۆیان بزانن. ئەو و كردەوەكانی تەنانەت لەناو خودی یەكێتیش مەقبول نییە چ بگات بەوەی كۆمەڵانی خەڵك لانی كەم وەك سیاسەتمەدارێكی ڕاستگۆ سەیری بكەن.

چوارەم: ئەگەر پارتی بڕشتی لێ بڕاوە ئەی پێمان ناڵێن چۆنچۆنی پارتی لە دوو هەڵبژاردندا بوو بە حزبی یەكەمی كوردستان و عێراق؟ لای پارتیش متمانەی خەڵك سەنگی مەحەك و گەواهییە نەك تەقییمی خەڵكی داخلەدڵ. بینیشمان نەیارانی ڕیفراندۆم چۆن بوون بە پەندی ڕۆژگار.
پێنجەم: سەرۆك بارزانی ویستی كەسێكی ئازادیخواز و دەسپاك و ڕاستگۆ نوێنەرایەتیی كورد بكات و بە میكانیزمێكی كوردستانیانە هەڵبژێردرێت. كەسیش هیچ گرفتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەبوو و دەكرا ببێتە كاندیدی سەرۆك بارزانیش، بەڵام هەر خودی ئەو بوو پێشتر تیری لە سێبەری یەكێتییەكان دەدا و دواتر بە سەفەقە، هاوڕێكانی جێ هێشت و لە چاوتروكاندنێكدا بووە كاندیدی یەكێتی.

شەشەم: سەرۆك بارزانی لە هەڵوێستی هێزەوە گەڕایەوە بەغدا و ئەوانەیشی بینی كە گرەویان لەسەر لەناوبردنی كیانی هەرێمی كوردستان كردبوو. سەرۆك بارزانی دەرفەتێكی تازەی بە بەغدا دا چونكە كەشێكی تازە خوڵقابوو و، خەڵكی بە ئینساف و دونیادیدە متمانەی عێراقییەكانی بەدەست هێنابوو. هاتنی سەرۆك بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو كە دەرگەی ئەو پیلانانە بگرێت كە لە بەغداوە بە یارمەتیی هەندێ كورد لەدژی كوردستان دادەڕێژڕا.

حەفتەم: ئەگەر بەرهەم دەیەوێ وەك نوێنەری كورد حیساب بكرێت پێویستە لە دانیشتنی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیستقالەی خۆی پێشكەش بكات و ئیعلانی سەربەخۆیی كوردستان بكات، جا ئەو كات هەموومان پێكی بۆ هەڵدەدەین. ئاخر بەرهەم بە گوێی عەرەبە شۆڤێنییەكانیدا چرپاندبوو كە فواد حوسێن ژنەكەی جوولەكەیە، و بارزانی ڕایسپاردووە كە ئەگەر ببێتە سەرۆك كۆمار بچێتە یوئێن و لەوێ ئیستقالە بدات و ئیعلانی ئیستقلالی كوردستان بكات.

هەشتەم: سەرۆك بارزانی لە هەر مەوقعێك بێت نوێنەرایەتیی ویژدان و ئاواتەكانی گەلەكەی دەكات. ئەو متمانەی خەڵكی لە پشتە و ڕابەرایەتیی دۆزێكی ڕەوا دەكات و ڕێگا و ئاسۆكان لەبەردەمیدا ڕوونن.