Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری حەمە عەلی: ئەمەریکا کەیوەن دەکاتە سەربازگەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا

کەرکووک-KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەمەریکا ھێز ڕەوانەی شاری کەرکووک دەکات و بە پێی ئەو زانیاریانەی لە کەرکووکەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەمەریکا ھێزێکی زۆری سەربازیی ڕەوانەی سەربازگەی کەیوەنی نزیک کەرکووک کردووە. بەرپرسێکی پێشمەرگەش نایشارێتەوە لە چەند مانگی داھاتوودا گۆڕانکاری گەورە ڕوو دەدات.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمەریکا ھێزێکی زیادەی ناردووە بۆ سەربازگەی کەیوەنی شاری کەرکووک و لەوێ جێگیری کردوون، بەڵام ھێشتا ئەجێندای سەرەکیی جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە سەربازگەی کەیوەن بە دروستی دیار نییە، بەڵام بێگومان جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا بەو قەبارەیەی ئێستا، پلانی خۆیانی تێدا ھەیە."

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئێمە زانیاریمان لەبەردەستە کە ئەمەریکا داوای لەو ھێزانەی عێراق کردووە کە لە سەربازگەی کەیوەنن شوێنەکەیان بۆ چۆڵ بکەن، تا ھەموو ھێزەکانی ئەمەریکا لە کەیوەن کۆ ببنەوە و بکرێتە سەربازگەیەکی گەورەی ئەمەریکا."

نووری حەمە عەلی دەڵێت: "سیناریۆی زۆر ھەنە لەبارەی ئەمەریکاوە، بەڵام ھەمووی ھی ئەوە نییە بڵاوی بکەینەوە، پێشبینی دەکەین لە بەھاری ئەمساڵدا ھەندێ گۆڕانکاریی بەرچاو لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ڕوو بدەن، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەکان."

قائید میرۆ