Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری ئەمریکا و ئایدیۆلۆجیای کوردان

سه‌رۆ قادر

بڕیاری زۆر ناکاو و چاوەڕواننەکراوی سەرۆک تڕامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، یەکسەر چارەنووسی کوردستانی ڕۆژاڤای خستە بەر مەترسیی نەمان. جیا لەو دەرفەتە زێڕینەی دەیخاتە پێش تورکیا و ئێران و سووریا و عێڕاق بۆ پێچانەوەیەکی خوێناویی بزووتنەوەی کورد لە سووریا. هەندێک کاربەدەستی ناو پەیەدە پێشبینیی کۆڕەوێکی وەک ساڵی 1991ی کوردستانی عێڕاقیان کرد. ئەوەش زۆر واقیعبینانەیە چونکە کورد بە هاوکاریی نێودەوڵەتی دەتوانێ لەبەرامبەر هێزە نەیارەکانی بە سەلامەت بمێنێ.
هەر دوای بڕیاری سەرۆک ترامپ، تەنگژە سەرتاپای بەڕێوەبەرایەتیی کۆشکی سپیی گرتەوە و وەزیری جەنگ جیم ماتیس دەستی لە کار کێشایەوە و وەزیری دەرەوە پۆمپیۆ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆڵتۆن، بە ئاشکرا ناڕازیبوونی خۆیان نیشان داوە. کۆنگرێس بە خێرایی هاتە دەنگ و سەناتۆرەکانی دۆستی کورد وا خەریکن کاری پڕ بەرهەمی خۆیان دەکەن. ڕای گشتیی ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامیی پشتیوانیکردنە لە کورد. ئەوە جیا لە هەڕەشەی داعش و بەهێزبوونی بەرەی دژی ئەمریکا کە ئەمه‌ریکاییەکان واقیعبینانە تێیدەگەن.
فەڕەنسا بە خێرایی کەوتە ڕاگرتنی باڵانسەکە و ناڕەزایەتیی خۆی لە بڕیارەکەی سەرۆک تڕامپ ڕاگەیاند و، هەر ئەمڕۆیش سەرۆک ماکڕۆن هاوسەرۆکی فەرمانڕەوایی کوردستانی ڕۆژاڤا دەبینێ. وێدەچێ ڕای یەکێتیی ئەورووپا لە کاناڵی فڕانساوە بێت. بەڕێز نەتانیاهۆ بە شێوەی تایبەتی خۆی ناڕەزایی لەسەر بڕیاری تڕامپ نیشان دا و ئامادەیی دەوڵەتی خۆی بۆ حزوری عەسکەرییانە لە سووریا ڕاگەیاند. دەنگۆی ئامادەیی سعوودیە و ئیمارات هەیە بۆ ناردنی سوپای خۆیان بۆ ڕۆژاڤای کوردستان. سەرۆک بارزانی مەترسییەکانی سەر کوردستانی خستە بەردەم دنیا و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرییەک کە کوردستانی سووریا بپارێزێ و تورکیایش دڵنیا بکرێ کە هەڕەشەی لەسەر نتیە. کەواتە دۆستەکانی کورد هاتوونە مەیدان و وێناچێ ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بەبێ دەسکاری جێبەجێ بکرێ.
تورکیا لە خۆی ڕادەبینێ دەوری هێزی تێکشکێنەری کوردستان بگێڕێ لە هەر چوار پارچەدا. وەک ئۆردۆغان لە کۆنیا ڕایگەیاند و وەزیری جەنگی تورکیایش گوتی کوردان لە ناو سەنگەرەکانیان لەگەڵ خوێن گۆڕ دەکەین. تورکیا ئامادەیە ئەو کارە بکات، وەک لە عەفرین ئیسپاتی کرد. بۆیە پێویستە دیپلۆماسیەتی کوردستان ئەو هەڕەشانە بە جیددی وەربگرێ و بەشدارییەکی سیاسییانەی هاوچەرخ و زانایانە لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات کە ئێستا جەنگەکە لەسەر ورگی خۆیەتی. نابێ بۆ بڕوا ئایدیۆلۆجییەکانی پ ک ک(واتە پ ی د) ڕیسک بە چارەنووسی کوردستان بکرێ. ئەو تەجرەبەیەی پ ک ک لە باکووری کوردستان لە ساڵی 2015 لەگەڵ تورکیا کردی، تەنیا وێرانکردنی کوردستان و لەدەستچوونی دەرفەتی بە هەرێمبوونی کوردستانی باکوور بوو. ئینجا ئۆردۆغانیشی لەسەر ئەم باوەڕەی ئێستای ساغ کردەوە کە بوونی ئەو لە نەمانی کورداندایە. تورکیا لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا ناچار کرابوو لەگەڵ کورد بکەوێتە ئاشتی، هەرچەند ئامادەیی تێدا بوو زوو لێی هەڵگەڕێتەوە. پ ک ک ئەو دەرفەتە جەهەننەمیەی بۆ ئۆردۆغان ڕەخساند و کورد بە دەستی بەتاڵ و ماڵی خوێناوی بەرەو قەندیل ڕایکردەوە. ئەوەش جێی داخە و دەبێ ئێستا بۆ پاراستنی ڕۆژاڤا پ ی د(واتە پ ک ک) لێی فێر بێت.
ئەگەر پ ی د لەسەر تاکڕەویی خۆی بەردەوام بێ و ڕێگا بە کرانەوەیەکی سیاسی و عەسکەری لە ناوخۆی نەدات، ئەوا بەشدارییە بەرفراوانە مەتڵوبەکەی کورد و ئەمریکا و ئەورووپا نایەتەدی و هەماهەنگیی واقیعییانە لە نێوان ئاکتۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دروست نابێت و، جیهان ئامادە نابێ تاهەتایێ بۆ میزاجی چەپی ستالینی لە هاوکاریی کورداندا بێت. پ ی د دەبێ بزانێ ئەرکی سەکردایەتیکردنی بە هەرێمکردنی ڕۆژاڤای کوردستانی لەسەر شانە، بۆ ئەوەی بتوانێ سەربکەوێ، دەبێ بەرچاوی خۆی بکاتەوە و گۆڕانێکی مەتڵوب لە فەرمانە ئایدیۆلۆجییەکانی پ ک ک-دا بکات ئەگینا تەڕ و وشک پێکەوە لە نەزانیی ئەوان و ئامادەیی دژەکوردیانەی سوپای تورکیادا دەسوتێ. پێویستە ئەم واقیعە بزاندرێ و کار بۆ ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بکرێ. یان دەبێ چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکی تری واشنتۆن بین وەک ئەوەی لە ساڵی 1998 لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرا.
ئێستا هەرێمی کوردستان دەورێکی کاریگەری هەیە و قسەی سەرۆک بارزانی لە دنیا بە هەند وەردەگیرێ، بۆیە شانسی ڕێکخستنی ناوخۆی کوردرستانی سووریا زیاتر و ئاسانترە. هێزە کوردەکانی ڕۆژاڤا پێویستە عاقڵ بن، چونکە ئەم دەرفەتانەی دەیانپارێزێ هەمیشەیی نین، بە ڕۆژان گۆڕانیان بەسەردا دێت وەک ترامپ گوتی: جەنگ بەرەو کۆتاییە.
هیوادارم ئەمجارەش حیکمەتی سەکردایەتیی سیاسەتی کوردان ببینین و بە سەلامەت لە هەڕەشەکان دەرچین.

له‌ په‌یجی نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌