Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

واز لە كەركووكییەكان بێنن

ئاریان فەرەج

سایتی خەبەریی (بۆڵتن نیوز)ی ئێرانی نووسیویەتی: میدیای پارتی وەك (میدیایەكی دوژمنكار) هەوڵ دەدات پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك تێك بدات. سایتی نێوبراو كە بە عەقڵیەتی دەستوەردان لە كاروباری وڵاتێكی دیكە، بێ پاساو خۆ لە كێشەی كەركووك هەڵدەقورتێنێ و داكۆكی لە داگیركاری و وەزعی بەزۆر سەپێندراوی سەر شارەكە دەكات، بەو لۆژیكە نامەشروعە، سوكایەتیی بە ئیرادەی خەڵكی عێراق و بەو چارەسەرە  دەستووریە دەكات كە نەك هەر كورد بەڵكو كۆی عێراقییەكان بۆ چارەسەری گرفتی كەركووك لە دەستووردا پەسەندیان كردووە. 

(بۆڵتن نیوز) دەبوا بزانێ كەركووك كێشەیەكی مێژووییە و زادەی ئەمڕۆ نییە، شارێكە بە سەنەدی مێژوویی و جوگرافی، بەشێكە لە كوردستان و سەدەیەكە رژێم دوای رژێم هەوڵی تەعریب و دابڕاندنی دەدەن و كوردیش كە شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر دانا، مەحاڵە دەستی لێهەڵگرێ و بەو زوڵم و ناهەقییە قایل بێت. پێكەوەژیان و ئیستقڕاڕ لەو شارەدا تەنیا بە لابردنی ئەو زوڵمە و گێڕانەوەی حەق بۆ خاوەن حەق دێتەدی، خودا و دین و یاسایش پشتیوانی حەقن نەك ناهەقی.

ئەوەی پێكەوەژیان لە كەركووك دەشێوێنێ، دروشم و سیاسەتی پارتی نییە كە هەمیشە بە گوفتار و كردار تەئكیدی كردۆتەوە كە شاری هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانە بەڵام بە ناسنامەیەكی كوردستانی، ئەوەی تەفرەقە دەنێتەوە داگیركاری و تەعریب و سەپاندنی ناسنامەیەكی نامۆ و نادیدەگرتنی ئیرادەی خەڵكەكەیەتی، ئەو ئیرادەیەی لە ریفرانۆمدا زۆر بە روونی تەعبیری لەخۆی كرد.

تا پێشمەرگە لە كەركووك بوون و دەیانپاراست، كۆی پێكهاتەكان دڵتەئمین بوون و هەم تەبایی بەرقەرار بوو، هەم دەستی داعشی لێ دوور بوو، ئێستا كە ژێردەستەی دۆخێكی داسەپاوی میلیشیایی و مەزهەبی و عەسكەرتارییە، هەم تەعریب و تەفرەقە و جیاكاریی مەزهەبی لە ئارادان و هەم مەترسیی داعشیش زیندوو بۆتەوە.

میدیای پارتی تەفرەقە نانێتەوە، بەڵكو داوای ئاساییكردنەوە و كۆتاییهێنان بەو رەوشە  نارەوا و داسەپاو و نادەستوورییە دەكات، كە گەر بەردەوام بێت، جگە لە تەفرەقە ئاكامێكی دیكەی نابێ. ئەوەی تەفرەقە دەنێتەوە و بێویژدانییە ناوهێنانی میدیای پارتییە بە دوژمنكار.

ئەوان گەر بە راستی لە خەمی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك و عێراقدان، تەنیا ئەوەندە بەسە دەستتێوەردان و خۆهەڵقورتاندن لە كاروباری عێراق و كوردستان كۆتایی پێ بێنن، ئەوكات عێراقییەكان و كەركووكییەكان باش دەزانن چۆن پێكەوە بژین.