Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندراوێکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتییەوە

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و ڕاگه‌یه‌نراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11/12/2018 هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌. چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار و هه‌نووكه‌یی گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا:

یه‌كه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی باشترى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ ئاستی پێویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پشتیوانی به‌هێز بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

دووم: پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا، لابردنی به‌ربه‌سته‌كان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌و با‌به‌تانه‌ی كه‌ ناكۆكییان له‌سه‌ر هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی كورد له‌ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی كارا و به‌هێز.

سێیه‌م: دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ و دیدگای هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ عێراق و ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر، هه‌روه‌ها به‌رچاوڕوونی له‌سه‌ر ڕووداو و پێشهاته‌كان.

چواره‌م: پشتگیریكردن له‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری و حوكمڕانیی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ‌هاوبه‌شیی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ى‌ داهاتوودا ده‌كه‌ن.

پارتی دیموكراتی كوردستان
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
11/12/2018