Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەمەودوا بریندارانی چەكی كیمیایی بۆ چارەسەركردن پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نابێت

 

ھەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە گوتی، بە كردنەوەی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی، ئیدی برینداران پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نابێت و دەتواندرێت لەوێ چارەسەری پێویست وەرگرن.

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە كە كارەكانی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی لە ھەڵەبجە كۆتایی ھاتووە و، لە ناوەڕاستی مانگی دابێ نەخۆشخانەكە دەكرێتەوە.

پێوەست بەم پرسە، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجەی شەھید، لوقمان عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئاگاداری ئەوەین كە كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە كردنەوەی نەخۆشخانەكە كراوە و نەخۆشخانەكە تەواو بووە و ئامادەیە بۆ كردنەوە، تەنیا ھەندێك كێشەی پارەی مابوو كە زیاتر كێشەی ئیداری بوو، بۆیە ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە بكرێتەوە، دەتواندرێت گرفتی بریندارانی چەكی كیمیایی چارە بكرێت و شوێنێك دەبێت كە برینداران ھانای بۆ ببەن و لەوێ چارەسەری پێویست وەربگرن".

عەبدولقادر گوتیشی، كردنەوەی نەخۆشخانەكە، دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەموو بریندارانی چەكی كیمیایی لەوێ كۆ بكرێنەوە و وەك ئێستا پەرتەوازە نەبن، هەروەها چیدیكەیش پێویستیان بەوە نابێت بۆ چارەسەركردن رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێن و لە ناوخۆی ھەرێم لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر دەكرێن، تەنیا ئەوانە نەبێت كە نەخۆشییەكەیان قورسە، ئەگەر نا لەجیاتی ئەوەی ئەو ھەموو بریندارە رەوانەی دەرەوە بكرێن، دەكرێ تیمی تەندروستی لە دەرەوە بێنی و لەوێ چارەسەریان بۆ وەربگریت.

دەشڵێ، ئەوانەی ناسنامەی برینداریی چەكی كیمیاییان بۆ كراوە، نزیكەی ھەزار كەس دەبن، كە ئەمەیش ژمارەیەكی زۆرە و پێویستیان بە نەخۆشخانە ھەیە.

بڵند ئیبراھیم