Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فرسەت سۆفی: پارتی هەوڵ بۆ چاکسازییەکی سەرتاسەری دەدات

ھەولێر-KDP.info- فرسەت سۆفی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پارتی ھەوڵی حکوومەتێکی نوێ و  بەھێز دەدات و چوار ساڵی داھاتووش چاکسازییەکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەین.

دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە لەمساڵدا نزیکەی ١٢٠ دۆسیەی گەندەڵییان ڕەوانەی دادگا کردووە، کە بەشێکیان یەکلایی بوونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە فرسەت سۆفی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لەو پرسە گرینگانەی پارتی دیموکراتی کوردستان چاکسازییە کە لە کارنامەکەی خۆی و لە حکوومەتی داھاتووشدا کاری لەسەر دەکات. ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستەی نەزاھە و داوکاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی دەکرێت، ئێمە ھەموو ھەوڵ و کۆششێکمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی ئەنجامدانی چاکسازییەک کە عەدالەتی بۆ ھەموو لایەک تێدا بێت، بە تایبەت ڕێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت".

فرسەت سۆفی جەختیشی لەوە کردەوە، کە پارتی لەھەوڵدایە چاکسازییەکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان بکات و ئەنجامی دەدەین، ئەمەش یەکێک بووە لە کارنامەکانی پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندە، وەک چۆنیش لە ڕابردوو ھەوڵمان بۆی داوە، ئێستاش بەردەوام دەبین.

سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش، کە ناوبراو شاندی دانوستانکاری پارتییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان ئاماژەی بەوە دا: "ئەو لایەنانەی کە ئیرادە و مەیلی بەشداریکردنیان لە حکوومەت ھەیە، ئێمە بە یەک چاو سەیریان دەکەین، چونکە پارتی دەرگای کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت. ھەوڵ دەدەین حکوومەتی نوێ بەھێز بێت تاوەکو بتوانین لە چوار ساڵی داھاتوودا بە یەکەوە بەردەوام بین."

سۆفی دەشڵێت: "ئەوە لەسەر پارتی وەستاوە کە سەردانی کام لایەن دەکات، چونکە پارتی ھێزی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە ‌و ئەو لایەنانەی خواستی بەشداریکرنیان ھەبێت سەردانیان دەکەین، ھەر لایەنێکیش بییەوێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئەوە خۆی بڕیار دەدا و ئێمەش ڕێز لە بڕیاری ئەو لایەنانە دەگرین."

ھەڵکەوت محەممەد