Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا دەیەوێ لە کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێریدا پێکھاتەکان لەسەر کورد ھەژمار نەکرێن

ھەولێر-KDP.info-   بڕیارە لە ساڵی دابێت ئامادەکاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق بکرێت و ئەندامێکی لیژنەی سەرژمێریش دەڵێ، بەغدا پیلانی ھەیە پرسیاری نەتەوە ھەر بە یەکجاری لە سەرژمێریی گشتیدا لاببرێت.

لە پڕۆژەیاسای گشتیی بوودجەی عێراقدا پارە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی تەرخان کراوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە. لەوبارەیەوە سیروان محەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێریی گشتی لە عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وێڕای ڕژدبوونی ھەرێمی کوردستان لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق تا دێت ئاستەنگ دەخرێتە بەردەم پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی و یەکێک لەو ئاستەنگانە ئەوەیە کە بەغدا پیلانی ھەیە پێکھاتەکانی دیکە لە کورد جیا بکاتەوە، چونکە بە پێی پیلانی ئەوان بێت ھەریەک لە کوردانی ئێزدی و شەبەک و کاکەیی بە نەتەوەی جیا تۆمار دەکرێن و لەسەر کورد ھەژمار ناکرێن، ئەمەش لای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە."

پێشتر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە دەچوو، بەڵام بە ھۆی ڕەوشی ناھەمواری عێراقەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە. ئەندامەکەی لیژنەی سەرژمێریی گشتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دوای ڕەتکردنەوەی ئەو داوایەی بەغدا، ئێستا دەڵێن پرسیاری نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێری ھەر بە یەکجاری لادەبەین، ئەمەش دیسان جێگەی قبووڵ نییە، چونکە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی سەرژمێریی گشتی ئەوەیە ھەر نەتەوەیەک ڕێژەی حەقیقیی خۆی بزانێت."

یەکێک لەو پرسانەی پەیوەستن بە سەرژمێرییەوە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی کورد لەو ناوچانە بەدەرکەوێت جیددیە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی. سیروان محەمەد ڕوونی کردەوە: "ھەوڵی زۆر ھەیە ئاستەنگی زیاتر بخرێتە بەردەم پڕۆسەکە، بەڵام تا دوا بخرێت زیاتر زیانی بۆ عێراق ھەیە، چونکە چەندین پرس ھەن پەیوەستن بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانەوە و ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکاریمان پێشان داوە بۆ ئەوەی چیی تر ئەو پڕۆسە گرینگە دوا نەخرێت."

قائید میرۆ