Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

 

هەولێر-KDP.info-  لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامی و توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پەیوەست بە بارودۆخی كەركووك ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.


ڕۆژی یەكشەممە 9ـی 12ـی 2018، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دواهەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕۆشنایی خستە سەر بایەخ و ڕەنگدانەوەكانی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و، ئەو سەردانەی بە گرینگ و كاریگەر وەسف كرد.

 

هەر لەو كۆبوونەویەدا جەخت لەوە كرایەوە كە حكوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرفەت و كەشوهەوایەكی تازەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق هێناوەتە ئاراوە.
پەیوەست بە بارودۆخی كەركووكیش ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق تەئكیدی لە بەردەوامی و توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی كردەوە.
بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و كێشەكانی دانیشتوانی مووسڵ و ئاوارەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.