Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەحمەد سەفار: بۆمان دەركەوتووە كە ھیچ ساڵێك لە پڕۆژەیاسای بودجەدا كورتھێنان نەبووە

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە ساڵی ٢٠١٢ـوە تا ئێستا، حكوومەتی عێراق ھیچ ساڵێك حیساباتی خیتامیی ساڵی بۆ پەرلەمان رەوانە نەكردووە و، ئێستا ئاشكرا بووە كە لەو ساڵانەدا لە بودجەی عێراق، كورتھێنان ھەبووە و بودجەكەیش ٦٠%ی زیاتر خەرج نەكراوە.

د. ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٢ـوە تاوەكو ئێستا، یەك جاریش حیساباتی  خیتامی بۆ پەرلەمان رەوانە نەكراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت داھاتی ساڵانە چەندە و چەندیشی خەرج كراوە و ساڵانەش باسی كورتھێنانی بودجە لە پڕۆژەیاسای بودجەكاندا كراوە، بەڵام لە ئێستادا بۆمان دەركەوتووە كە ھیچ ساڵێك لە پڕۆژەیاسای بودجەداكورتھێنان نەبووە، كە ئەمەیش جێگەی پرسیارە لای ئێمە و بۆچی حیساباتی  خیتامی رەوانەی پەرلەمان ناكرێت، چونكە پێویستە پێش پەسەندكردنی بودجەی ساڵی دابێ، حیساباتی خیتامیی ئەمساڵ رەوانەی پەرلەمان بكرێت و پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری چۆنیەتیی خەرجكردنی پارەكە بێت و بزانێت چەندی خەرج كراوە و چەندیشی ماوە و ئەوەی دەمێنێتەوە چی لێ ھاتووە".

سەفار گوتیشی: "ساڵانە حكوومەتی عێراق نرخی یەك بەرمیل نەوت زۆر بە كەمی حیساب دەكات و دواتریش بە نرخێكی زۆر گرانتر دەیفرۆشن گوایە دەخرێتە سەر كورتھێنان، بەڵام بۆ ئێمە وەك پەرلەمان رەوانە ناكرێت".

دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٢ـوە تاوەكو ئێستا ھیچ ساڵێك خەرجكردنی بودجەكەی لە ٦٠% تێپەڕی نەكردووە. بۆ ئەمساڵیش داوامان كردووە حكوومەتی عێراق حیسابی خیتامیی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ـمان بۆ رەوانە بكات، بۆ ئەوەی بزانین چۆن خەرج كراوە و چەندی خەرج كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكوومەت بۆ ئێمەی رەوانە نەكردووە".

حكوومەتی عێراق ساڵانە پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكات و، باسیش لەوە دەكات كە رێژەی كورھێنانی چەند ساڵی ڕابردوو بەردەوام زیاتر بووە لە ٢٠ترلیۆن دینار، بەڵام لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ھیچ ساڵێك حیساباتی خیتامیی بۆ پەرلەمان رەوانە نەكردووە، بۆ ئەوەی بزانرێت لە بودجەدا كورتھێنان ھەبووە یاخود نا، بەپێی یاسایش پێویستە ساڵانە پێش رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو، حیساباتی خیتامی بۆ پەرلەمان رەوانە  بكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم