Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆمەڵەی قوربانیان: قەرەبوو نەكرێینەوە، سكاڵا دژی بەغدا تۆمار دەكەین

 

هەڵەبجە-KDP.info-  كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، نامەیەكی ئاڕاستەی فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە و داوا دەكات، گوشار بخەنە ‌سەر حكوومەتی عێراق تا قەرەبووی كەسوكاری شەهید و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە بكاتەوە، ئەگەرنا سکاڵا تۆمار دەکات. 

لە نامەكەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بۆ فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە: "30 ساڵ بەسەر تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت كە (5000) شەهید و دەیان هەزار هاووڵاتی  بریندار بوون، هەریەكەیش لە شارەكانی هەڵەبجە و سیروان، خورماڵ و بیارە خاپوور كران، كە تا ئێستایش شوێنەواری چەكی كیمیایی بە ناوچەكەوە دیارە، لە هەڵمەتە دڕندانەكانی حكوومەتی ئەوكاتی عێراقدا، هاووڵاتییەكی زۆر بەدەم ئازار و كاریگەریی چەكی كیمیاییەوە دەناڵێنن، 13 ساڵیش تێپەڕ دەبێت بەسەر دادگاییكردنی تاوانباراندا، بەڵام هیچ قەرەبوویەكی  قوربانییەكان نەكراوەتەوە".

هەر لە نامەكەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، ڕوون كراوەتەوە: "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2009 یاسای ژمارە 20 و، ساڵی 2016 یاسای ژمارە 16ی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جەنگ دەركرد، بەڵام نوێنەرانی كورد نەیانتوانی بەپێی ئەم یاسایە زیانلێكەوتووانی كوردستان قەرەبوو بكەنەوە، كەچی حكوومەتی عێراق قەرەبووی  قوربانیانی (دووجەیل) و ڕاپەڕینی (شەعبانییە)ی كردەوە".

كۆمەڵەی قەربانیان، لە نامەكەیدا بۆ نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەڵێ: "داوا لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەین گوشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراق تاوەكو قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەڵەبجە بكاتەوە".

كۆمەڵەی قوربانیان هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دژ بە حكوومەتی عێراق دەكات و لە نامەكەدا هاتووە: "ئەگەر حكوومەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كوردستان و هەڵەبجە نەكاتەوە، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا دژی حكوومەتی عێراق تۆمار دەكەین".‌

هێڤیار هەڵەبجەیی