Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە پاریس

 

هەولێر-KDP.info-  شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی فەڕانسا دەکەن بؤ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەسەر داوەتی فەرمیی (ڤالێری پێکریس) سەرۆکی هەرێمی (پاریسیان)، ئەو هەرێمەی کە شاری پاریس لەخۆ دەگرێت و بەشێکە لە هەژدە هەرێمە ئیدارییەکان لە فەرانسا، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی فەڕانسا دەکەن. ئامانجی سەرەکی لەم سەردانەش بەشداریکردنە لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم کۆنفڕانسە لە رۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەم لە شاری پاریس بەرێوە دەچێت و ئامانجی سەرەکیی بەرێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، ئیدانەکردن و خستنەڕووی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانە دژی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراقدا. بابەتێکی دیکەی سەرەکی ئەم کۆنفڕانسە پاراستنی ژیانی کریستیانەکانە لە ڕووی ئەمنی و داهاتوویان لە عێراق.
ئەم کۆنفڕانسە بە پشتگیری و چاودێریی هەریەکە لە لیژنەی کەمایەتییە ئایینەکان لەوانە کریستیانەکان لە پەرلەمانی فەرانسا، ئەنجوومەنی سێناتی فەڕانسا، سەرۆکی بەشی کارووباری کریستیانەکان لە ئەنجوومەن کە ئەم گرووپە بە تایبەت لە سێنات و پەرلەمان چاودێری رەوشی کریستیانەکان دەکەن لە عێراق بەتایبەت ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان. هەروەها ژمارەیەک دیپلۆماتی عەرەب لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشداری ئەم کۆنفڕانسە دەبن.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلەکانی کۆنفرانسەکەدا وتاریان دەبێت. وتاری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تایبەت دەبێت بە رەوشی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا کە پێشکەشی ئەندامانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە دەکرێت، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی ژیانی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی دەخرێتە روو. لەم راپۆرتەدا بە وردی باس لە هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە کراوە کە حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردنی کریستیانەکان گرتوویەتییە بەر بۆ ئەوەی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بسەلمێندرێت کە هەرێمی کوردستان خاکی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەموو کلتوور و ئایینە جیاوازەکانە و هەمووان بەبێ جیاوازی دەتوانن لەسەر ئەم خاکە بژین.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بەشداریکردن لەم کۆنفڕانسە رایگەیاند "رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە. لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنووسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون و ئەم راستییانە پێگەی حکومەتی هەرێم لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهێز دەکات".

دیندار زێباری راشیگەیاند "ماوەیەکە چەند دەزگایەکی راگەیاندن و چەند کەسایەتییەک بە ناوی کریستیانەکان لێدوان و بەیاننامەی جیاجیا  دەردەکەن گوایە کریستیانەکان لە کوردستان رووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەڵام لە راستییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات لە گشت بوارەکاندا و وەکو پێویست هاوکاریی کردوون وەک بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی. هەروەها، کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی گشت پێکهاتەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە یان رەگەز، سەبارەت بە دەنگۆی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە پێشوازی لە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی دەشتی مووسڵ کە بەشی هەرەزۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدی و کریستیان بوون و سەرەڕای نالەباری دۆخی ئابووری و دارایی بەپێی توانا گشت پێداویستییەکانی بۆ دابینکردن، چونکە پاراستنی پێکهاتەکان لە کارە بنەڕەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند "لە هەرێمى کوردستان هەموو کەسێک بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبی ئازادە بۆ هەرشوێنێک هاتوچۆ بکات، هەروەها ئازادن لە پەیڕەوکردنى سرووتە ئاینیەکانى خۆیان و پەرستگاى لالەشیش باشترین نموونە و بەڵگەیە بۆ ئەمە،  هەروەها مامەڵەى خراپ لەگەڵ پێکهاتە  ئاینیەکان نەکراوە بە پێچەوانەوە لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى زۆر هاریکاریان پێشکەش کردووە. هەر لەم رووەوە و لە بەر بوونی کەمایەتی ئایینی و مەزهەبی لە کوردستان حکومەتى هەرێم پشتیوانى لە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان دەکات ئەویش بە کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی لە وەزارەتى کاروبارى ئاینى بۆ هەر ئایینێک".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د.دیندار زێباری رایگەیاند "ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حکوومەتی هەرێم گوایە ئەو کەسانەی موسڵمان نەبن و لە کەمایەتییە ئایینەکان بن بەبێ هۆکار دەستگیر دەکرێت، بەڵام دەبێت و هەمووان بزانین کە هیچ هاووڵاتییەک لە هەرێمى کوردستان لەسەر بیروباوەڕى ئایینى و مەزهەبى دەستگیرنەکراوە بۆ نموونە لە شەنگال بۆچوونى زۆر جیاواز هەنە تاوەکو گەیشتۆتە راددەى سنوور بەزاندنیش، بەڵام هیچ کەس دەستگیر نەکراوە لەسەر ئەم بابەتە و دادگاکانى هەرێم بەشێوەیەکى یەکسان سەیرى هەموو هاووڵاتیان دەکات. یاسا سەروەرە و هیچ جیاوازییەک بەرامبەر پێکهاتەکان نەکراوە لەلایەن حکوومەت و هاووڵاتیان بەڵکو حکوومەت وەک ئەرک و هاووڵاتیانیش هاریکاریان پێشکەشکردووە، چونکە دادگاکانى هەرێمى کوردستان کاریگەرى هیچ لایەنێکى سیاسییان بەسەرەوە نییە".