Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی پارتی دەیەوێ كێشەی زەویی ھەزاران ھاووڵاتی چارە بكات

 

هەولێر-KDP.info-  دوابەدوای بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی بۆ قەدەغەكردنی دابەشكردنی زەوی بە دوو بەشەوە، فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی بۆ دەنگی ناڕازیی ھاووڵاتیان كرد، پەرلەمانتارێكی پارتییش دەڵێ، لە ھەوڵدان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیاندا كێشەكە چارە بكەن.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێرەوە خراوەتە واری جێبەجێكردن، دابەشكردنی زەوی بۆ دوو پارچە قەدە غەكراوە، زانا مەلا خالید، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی بە دەم داواكاریی ھاووڵاتیانی شاری ھەلێرەوە چووین و سەردانی شارەوانیی ھەولێرمان كرد بۆ ئەوەی دەنگی ھاووڵاتیان بگەیەنین لەبارە بڕیارەكەوە، دوای بەدواداچوونی ئێمە بڕیاری دابەش دوو لەو گەڕەكانەی تا ئێستا كراوە، راگیراوە و ھاووڵاتیان دەتوانن وەك پێشتر مامەڵەی دروستكردنی خانوو بكەن و كێشەیان نابێت".

لەبارەی ئەو گەڕەكانەی بڕیارە خزمەتگوزارییان بۆ بچێت و مۆڵەتی دروستكردنی خانوویان پێ دەدرێت، مەلا خالید دەڵێت: "بڕیارەكە مادام لە وەزارەتی شارەوانی دەرچووە، پێویستە لە ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەپێی زانیاریی ئێمە، لە دھۆك و سلێمانی كاری پێ نەكراوە، لەبەر ئەوە ئێمەیش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ھاووڵاتیانی ناڕازی و حەقە لەو بارەیەوە رەوشی ئابووریی ھاووڵاتیان لە بەرچاو بگیرێت".

بڕیارە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بە ژمارەیەك كەرتی زەویی نیشتەجێبوون بدرێت و شارەوانیی ھەولێر سەرقاڵی ئیفرازكردنی زەوییەكانی ھەریەك لە كەرتەكانی ھەشتی حەسارۆك، باغلۆ منارە و گردجووتیار و گەزنەی نوێیە، بەڵام زۆربەی زەوییەكان دوو خاوەنیان ھەیە و تەنانەت لەلایەن حكوومەتەوە یەك زەوی كراوەتە دوو بەش و دوو سەنەدی لە تاپۆ ھەیە، زانا مەلا خالید روونی كردەوە: "كێشەی ئەو گەڕەكانەی سەرەوەیش چارەی بۆ دۆزراوەتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی شارەوانی كردووە، ئەگەر  بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، ئەوە لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادایە بە رێنمایی مۆڵەت بەو ھاووڵاتیانە بدرێت بۆ دروستكردنی خانوو".

قائید میرۆ