Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناكرێت پارێزگاری كەركووك تەحەددای حكوومەتی عێراق بكات و پابەندی بڕیارەكە نه‌بێت

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر ده‌ڵێ، دوێنێ بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەرچووە، بەڵام پارێزگاری كەركووك پێیەوە پابەند نابێت و بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە.

ھەمزە حامید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق دەرچووە و بۆ پارێزگاكان نێردراوە، بەڵام پارێزگاری كەركووك بڕیارەكە جێبەجێ ناكات و تا ئێستایش خاڵە گومرگییەكان لە شوێنی خۆیان ماون".

حامید گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی عێراق گوشار لەسەر پارێزگاری كەركووك دروست بكات، لەبەر ئەوەی ناكرێت تەحەددای حكوومەتی عێراق بكات و بڕیارەكە جێبەجێ نەكات، چونكە بڕیارەكە لە دەستەی گومرگییەوە دەركراوە و داوای كردووە سەرجەم فەرمانبەرەكان شوێنەكە چۆڵ بكەن، بەڵام تا ئێستا لە كاری خۆیان بەردەوامن".

 

بڵند ئیبراھیم