Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی کاندیدانی بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت یەکلا کردەوە


هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان، کاندیدانی خۆی بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت یەکلا کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو؛ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، بە دیاریکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پرێسکۆنفرانسێکدا بۆ مێدیاکان، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی باس کرد، کە تێیدا چەند تەوەرێکی گرینگ باس کراون، وەک پێکهێنانی لیژنە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
محەممەد جەختی لەوە کردەوە، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پارتی بەڵێنی بە خەڵکی داوە، لە چوار ساڵی داهاتوودا کار بۆ وەدیهێنانی بەڵێنەکانی دەکات، بە سەقامگیریی سیاسی ئەویش لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە خواستی سەقامگیرییان لە کوردستاندا هەیە.

 

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستمان بە ئاڵوگۆڕ ھەیە، کە چاککردنی بژێوی خەڵک لە ئاست ئەم قۆناغەدا بێت. رووداوی گەورە روویان داوە و یا روو دەدەن."

 محەممەد گوتیشی، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ لایەنەکان و لیژنەش پێک‌ھێنراوە، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمنکی، ھێمن ھەورامی، دڵشاد شه‌هاب و فەرسەت سۆفی ئەنامانی لیژنەکەن. 

وەک مەحموود محەممەد ئاماژەی دا، قسەی لەسەر ئەوە نەکراوە کە سەرۆکوەزیران چەند جێگری دەبێت و، "ئێمە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بە یەک پاکێج قسە دەکەین، تەسەور دەکەم پپێکھێنانی حکوومەت ھێندە ئەستەم نەبێت، ھەر لایەنێک ئامادەیی بووبێ یا ئەو لایەنانەش مەرجیان ھەبووبێ، ئەوا پێداچووەنەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین."