ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندی و ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە، سەرەتاش لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستمان پێ کردووە و سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە بە پێی سیستەمێکی نوێی کوردی و بەسوودوەرگرتن لە ستانداردی نێودەوڵەتیی سەربازی ڕێک دەخرێنەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندی و ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەمید ڕوکن ھەژار عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی ساڵێک و شەش مانگە کار دەکەین بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و بەردەوامین، ئێستاش گەیشتووەتە قۆناغی نووسینەوە و دارشتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و قۆناغی یەکەم لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستی پێ کردووە."
عەمید ھەژار عومەر گوتیشی: "دوای تەواوکردنی وەزارەتی پێشمەرگە سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە بە پێی سیستەمێکی نوێی کوردی ڕێک دەخرێنەوە و ئەو پرۆسەیەش سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی."
ھەژار باسی لەوەش کرد: "ڕاوێژکارانی ئەمەریکی و ئەڵمانی و ھاوپەیمانانمان لەگەڵدایە و ھاوکارن لەوەی ھێزی پێشمەرگە بە پێی سیستەمێکی تازە ڕێک بخرێتەوە و سوود لە ستانداردی نێودەوڵەتی لە بواری سەربازی وەردەگرین بۆ ڕێکسخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە."
بڵند ئیبراھیم