Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مالیكی: بارزانی پاشەكشەی لە هەڵوێستەكانی لەبارەی سەربەخۆییی كوردستانه‌وه‌ نەكردووە

 

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نووری مالیكی، ئاشكرای كردووە كە سەرۆك بارزانی پاشەكشەی لە هەڵوێستەكانی لەبارەی سەربەخۆییی كوردستان نەكردووە. مالیكی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئینتخاب، باسی لە چاوپێكەوتنی خۆی لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا كردووە.

رۆژی 11ی مانگی رابردوو، سەرۆك بارزانی بە سەردانێك گەییشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەغدا و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و چەند سەركردەیەكی سیاسیی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە. ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆك بازرانییە پاش ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان كە رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەڕێوە چوو.

سەرۆك بارزانی لە میانەی سەردانەكەیدا لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقیش كۆ بووەوە و وەك مالیكی دەڵێ، باسیان لە دۆخی ناوخۆی عێراق و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە.

مالیكی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئینتخاب، دەڵێ، "بارزانی پاشەكشەی لە هەڵوێستەكانی لەبارەی سەربەخۆییی كوردستان نەكردووە. هەڵبەت ئەم قسەیەیش راستە كە بەغدا پێویستی بە هەولێر هەیە و بە پێچەوانەیشەوە. هەرێمی كوردستان مەیلی هەیە كە بۆ بەغدا بگەڕێتەوە و لێكتێگەییشتن و رێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتی عێراق هەیە. ئەم مەیلە هەیە، بەڵام قسەیەك لەو بارەیەوە نەكراوە. ئەوان دووپاتیان كردووەتەوە كە وازیان لە رەوتی سەربەخۆییی كوردستان نەهێناوە."

ساڵی رابردوو و لە كاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان، زۆربەی سەركردایەتیی سیاسیی كورد دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە بەغدا قووڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، نیشانەی راگەیاندنی راستەوخۆی سەربەخۆیی نییە، بەڵكوو ئامادەن لەوبارەیەوە و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، لەگەڵ بەغدا بكەونە دانوستانەوە.