Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دووکاندارەکان گومان لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری کەرکووک دەکەن

ھەولێر-KDP.info- دووکاندارەکانی بازاری قەیسەری کەرکووک گومانیان لە ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ھەیە. بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێ، لە دووکاندارەکانمان بیستووە، ئەوان دەڵێن، ئەو‌کاتەی ئاگرەکە کەوتۆووەتەوە کارەبا نەبووە.

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:١٥ی سەرلەبەیانی بازاڕی کۆنی قەیسەریی کەرکووک ئاگری گرت و بە ھۆیەوە ٣١٠ دووکان سووتان و زیانێکی زۆریش بەر دووکاندارەکان کەوت، کە  زیانی ئاگرکەوتنەوەکە بە سەرووی دوو ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بازاڕی قەیسەریی کەرکووک قەیسەرییەکی کۆنە و ساڵی ١٨٥٥ لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە کەرکووک دروست کراوە. قەیسەریی کەرکووک ٣٦٠ دووکانی تێدایە، ٣١٠ دووکانیان سووتاوە، ٢٥٠ دووکان لە جلوبەرگی ژنان و منداڵان و جوانکاری پێک ھاتووە، ٦٠ دووکانی زێڕینگەرییش سووتاون، نێزیکەی ٥٠ دووکانیش کەمتر زیانیان پێ گەیشتووە. خاوەنی زۆربەی دووکانەکانیش کورد و تورکمانن".

ناوبراو سەبارەت بە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەی بازاڕەکە ئاماژەی بەوەدا کە لە لایەن دووکاندارەکان و ھاووڵاتییانەوە گومان لەم بابەتە دەکرێت، بەڵام وەک بەڵگەیک و حاڵەتێک دەبێ یاسا و لێکۆلەر لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن و یەکلای بکەنەوە کە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، ئەوەی ئێمەش لە دووکاندارەکانمان بیستووە، ئەوان گومان دەکەن و دەڵێن، ئەو‌کاتەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە کارەبا نەبووە."

بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک ڕایشیگەیاند: "گومان ناکەم کەسێکی عەرەب لەوێ دووکانێکی ھەبێت مەگەر تاک تاک حاڵەتێکی وا ھەبێت، ئەگینا زۆرینەی دووکاندارەکانی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک کورد و تورکمانیان تێدایە".

د. محەممەد ئاماژەیشی پێ کرد کە، پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دووکانەکانی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک درابوونە وەبەرھێن، بەڵام دواتر بە ھۆی ناڕەزاییی دووکاندارەکانەوە، پارێزگاری کەرکووک ئەو بڕیارەی ڕاگرت."

ھەڵکەوت محەمەد