Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانی وەک کورد


حوسێن کوردنەژاد
لە سیاسەتی ناوچەدا جێگایەک بۆ باسی پرسی کورد لە سەدەی رابردوودا نەبووە و ئەم واقیعە، تەنانەت لە لایەن بیری کوردیش ئەوە قەبووڵ کرابوو، بەڵام پرسی کورد هەر بوونی هەبوو و رەوتی گەشەی خۆێ دەپێوا.
لە خاڵێکدا دەبوایە ئەم پرسە بێتە ئارا و باسی لێوە بکرێ، ئەم کارە لە ساڵی ٢٠١٦دا کرا بە هەر چەرمەسەرییێەک کە بوو، گشت لایەنەکانی کوردیی لە باشووری ولاتی کوردان دا ئەم پرسەیان هێنایە گۆڕێ و هەموو حیزبەکان لە دەوریدا کۆ بوونەوە و گشتپرسی کرا و خەڵک بە زۆرینەیەکی بێوینە دەنگیان دا بە سەربەخۆییی کوردستان. لە بەشەکانی تری کوردستاندا، گشت، بیری گشتی پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی و تابوویەکی مێژوویی لە سیاسەتی ناوچە و جیهاندا شکا.
سیاسەتی جیهانی بۆ ئەم هەنگاوە ئامادە نەبوو و سیاسەتی ناوچە رووی راستەقینەی گشت لایەنەکانی دەرخست و، هەموو کارتەکان لە دژی کورد وەکار کەوتن.
چەند مانگێک وا دەهاتە بەرچاو، کە پاشەکشە بە کورد کراوە و سەرۆکی ئەم بزووتنەوەیەش پەراوێز خراوە و، کورد گەڕێندراوەتەوە شۆێن و پێگەی قابیلی ئیدارەی خۆی و مارجینال کراوە.
زۆری پێ نەچوو سیاسەتی جیهانی رووی لە کورد کرده‌وه‌، ناحەزان لاواز بوون کورد نیشانی دا کە سەرەڕای لاوازییەکانی جەوهەرێکی پتەوی هەیە بۆ ویستی خۆی و کۆڵ ناداتەوە.
لە ژیئۆپۆلیتیکی ئێستادا ئێرانی دوژمن، ناوچەی کوردستانی باشوور بە دەریچەیێکی هەناسەدان دەبینێت، تورکیای دوژمن بۆ دابینکردنی وزە و پەیڕەوی لە گەمارۆکانی جیهانی بەسەر ئێراندا، کوردستانی باشوور بە ئاڵترناتیڤ دەبینێت و بەغدای شۆڤێنیست رێککەوتن لەگەڵ کوردستانی باشووری بە بنەمایەکی گرینگی داهاتووی خۆی دەبینێت. کە وابوو وەرەق سووڕاوە، ئەوەش لەژێر سایەی ئیسڕاری کورد لەسەر بوون و کەرامەت و مافی خۆیدا کە بە خۆێنی سه‌دان پێشمەرگەی ئەم وڵاتە مسۆگەر کرا.
لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا کە ئامریکایش لە شەڕی خۆیدا لە دژی ئێران پێویستی بە عێراقێکی تا ئەو رادەیە کە بگۆنجێ سەقامگیر هەیە، بارزانی کە خەڵکانێک پێیان وا بوو پەراوێز خراوە و دەوری نەماوە، دێتەوە ناو مەیدانی سیاسەتی عێراق و ناوچە و جیهانەوە.
سەردانی سەرۆک و مەرجعی کورد بۆ بەغدا پێویستە لەم کۆنتێکستەدا ببیندرێت. فارس دەڵێن شاهنامە کۆتاییەکەی خۆشە، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین زۆر سیناریۆی چارەنووسسازی ترمان لە پێشە.