Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سێ پارێزگاكه‌ی كوردستان بڕیاریان دا 300 ملیۆن دینار بدەنه‌ هەڵەبجە

 

هەڵەبجە-KDP.info- بە هۆی كەمیی داهاتی شارەوانیی هەڵەبجەوە، نەتواندراوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری سوود لە داهاتەكەی وەربگیرێتەوە، كە بە بڕیاری حكوومەت بەشێك لە داهاتی شارەوانییەكان بۆ خزمەتگوزاریی پارێزگاكان دابین دەكرێت، بۆیە سێ پارێزگاكەی دیكەی كوردستان، پارە بۆ هەڵەبجە دابین دەكەن.

كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە مانگی ۱۲ی ۲۰۱۷لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی و وەزارەتدا داوامان كرد، هەرسێ پارێزگای دهۆك و سلێمانی و هەولێر لە داهاتی خۆیان بڕەپارەیەك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی هەڵەبجە دابین بكەن، بە سوپاسەوە هەرسێ پارێزگا ڕەزامەندییان دا كە لە داهاتی خۆیان هاوكاریی هەڵەبجە بكەن".

لەبارەی ئەوەی ئەو بڕەپارەیە چەندە كە شارەوانیی پارێزگاكان بۆ پارێزگای هەڵەبجەی دابین دەكەن، ئەكرەم گوتی: "هەرسێ سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و دهۆك و سلێمانی، بڕیاریان دا هەریەكەو بڕی 100 ملیۆن دینار لە داهاتی خۆیان بدەن بە هەڵەبجە، كە كۆی گشتی دەكاتە 300 ملیۆن دینار".

سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە، گوتیشی: "لە ئێستادا دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كە یەكێكیان كاركردنە لە گەڕەكی شێخ سمایل كە لە ساڵای ۱۹٦۰دروست كراوە و خزمەتگوزاریی شۆستە و قیڕكردنی بۆ نەكراوە".

دەشڵێ: "ئەو بڕەپارەیەی شارەوانیی هەرسێ پارێزگاكە بۆ هەڵەبجە دابینی دەكەن، مەرجە كە دەبێت بۆ خزمەتگوزاریی كۆنكرێت و شۆستەی كۆڵانەكانی هەڵەبجە بێت".

 

 هێڤیار هەڵەبجەیی