Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەدا مێرگەسۆری: قۆناغێكی نوێ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەستی پێ كردووە

 

ھەولێر-KDP.info- ھەوڵێكی زۆر ھەیە ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر كۆمەڵێك پرس بگەن بە رێككەوتنی بەرھەمدار، چاودێرانیش ھەنگاوەكان بە كاریگەر دەزانن بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا. هاوكات پەرلەمانتارێكی خۆلی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، بڕیارەكانی پێشوو كە دژی ھەرێمی كوردستان درابوون، ھەڵدەوەشێنەوە.

نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتاری پێشووی كورد لە پەرلەمانی عێراق، باوەڕی وایە كە قۆناغێكی نوێ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا دەستی پێ كردووە و ھەنگاوی باش بۆ چارەكردنی كێشەكان نراون، چونكە لە ساڵانی رابردوودا دەستەڵاتدارانی عێراق كێشە و ئاستەنگی زۆریان بۆ ھەرێمی كوردستان دروست كردبوو و دەشڵێت: "ھەر لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە چەندین بڕیار لە دژی ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەركراون".

لەبارەی دەستپێكردنی قۆناغی نوێ و گەییشتن بە رێككەوتن بۆ چارەكردنی كێشەكان، مێرگەسۆری ڕوونی كردەوە: "عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق، كەسێكی میانڕەوی عێراقە و دەیەوێ كێشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا چارە بكات و كۆتایی بەو قۆناغە بێنێ كە پێشتر حكوومەتی عێراق لەبری ھەماھەنگی و ھاوكاری، دژایەتیی ھەرێمی كوردستانی دەكرد، لەبەر ئەمە، ئەوەی دەگوزەرێ لە دانوستان و سەردانی نێوان ھەرێم و بەغدا دڵخۆشكەرە و رێككەوتنی باشی لێ بەرھەم دێت، بەپێی زانیارییەكانم لەسەر زۆر بابەت گەییشتوونەتە رێككەوتن و ئەوانەیشی ماون لێكتێگەییشتن ھەیە لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكدا ئەوانیش رێككەوتنیان لەسەر بكرێت، جا چ پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بێت یانیش بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان و مەلەفی نەوت".

 لای خۆشیەوە، دكتۆر ئەرشەد تەھا، پسپۆڕی سیاسەتی ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كەرتی ئابووری ھەیە، واتە ئەگەر رێككەوتن ھەبێت لە نێوان ھەردوولادا، رەوشی ئابووری بۆ ھەردوولا گەشە دەكات، بە بڕوای من لێكتێگەییشتن و چارەكردنی كێشە ھەڵواسراوەكان لە نێوان ھەرێم و بەغدا، كاریگەری لەسەر كۆی رەوشەكە دەبێت و ھەنگاوێكی گەورەیە بەرەو چارەكردنی كێشەكان بە دانوستان".

 

قائید میرۆ