Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی: ئەمەریكا ھاتووەتە سەر هێڵ كۆمپانیای زیاتری بیانی دێنە ھەرێم

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، زۆرێك لە وڵاتانی جیھان ئامادەییان پێشان داوە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانیان رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ كاركردن و دەشڵێ، ئەمەریكا بە تەواوەتی ھاتووەتە سەر هێڵ و ژمارەیەك كارگە و كۆمپانیای ئەمەریكایی ھاتوونەتە ھەرێم بۆ ئەوەی بازرگانی بكەن.

ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكی لەبارە بۆ جووڵەی بازرگانی و كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان، ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو ھاتنی كۆمپانیا و سەرمایەداری بیانی زۆر زیادی كردووە، لەو بارەیەوە فەتحی محەممەد، راوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "رۆژ دوای رۆژ كۆمپانیای زیاتری بیانی دێنە ھەرێمی كوردستان و بەردەوام شاندی وڵاتانی دەرەوە بۆ مەبەستی بازرگانی لە ھەموو كەرتەكاندا سەردانی ھەرێم دەكەن، ئەمساڵ لەلایەن ژمارەیەكی بەرچاوی وڵاتانی جیھانەوە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە دەكرێت لەبارەی جووڵەی بازرگانی و ھەبوونی دەرفەت و گونجاویی رەوشی ھەرێمی كوردستان، ئێمەیش بەرچاوڕوونیمان داوەتە ھەموو ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ به‌ مەبەستی كاركردن كۆمپانیاكانیان رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن".

راوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە لێدوانەێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەو كۆمپانیایانەی ئێستا دێنە ھەرێمی كوردستان، زیاتر لە كەرتی پیشەسازیی خۆراك و كەلوپەلی بیناسازیدا كار دەكەن و بڕیارە چەندین كارگەی ھەمەجۆر دابمەزرێن لە ھەرێمی كوردستان، حكوومەتیش ھاوكاریی ھەر كۆمپانیایەكی بیانی دەكات ئەگەر بیەوێت لە ھەرێم كار بكات".

لەبارەی ئەو وڵاتانەی كۆمپانیاكانیان دێنە كوردستان، محەممەد دەڵێ: "زۆرن ئەو وڵاتانە كە بەشێكیان ھاتوون و بەشێكی دیكەیش سەرقاڵی خۆئامادەكرنن بێن، بەڵام زیاتر كۆمپانیای ئەورووپا و ئەڵمانیا و وڵاتی عەرەبین، ھەروەھا ئەمەریكاش ھاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و ئێستا ئەوانیش دەستیان پێ كردووە، ئەمەریكا لە تەكنەلۆژیا و پێداویستیی رۆژانە و كەلوپەلی ئۆتۆمبێل رۆڵی دەبێت لە بازاڕی ھەرێمی كوردستاندا، ھاتنی ئەو ھەموو كۆمپانیا بیانییەیش، ھەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكەی گەشەكردنەوە، چونكە تا بازرگان و كۆمپانیای بیانی بێنە ھەرێمی كوردستان، زیاتر ئابووری گەشە دەكات و رەوشیش لەبارە بۆ ئەوانە تا لێرە كار بكەن".

 

قائید میرۆ