Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی لە فوئاد حوسێن کرد

بەغدا-KDP.info-  باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا لەگەڵ د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق، کۆبوویەوە و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد.

ئەمڕۆ د.فوئاد حوسین جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە بەڕێز بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵێوزی كۆماری فەڕەنسا لە بەغدا كرد .

لەم دیدارەدا باس لە پەیوەندی هەمیشە پێشكەوتووی نێوان عیراق وفەڕەنسا كرا وتیشكیش خرایە سەر دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی نێوخۆیی وئیقلیمی ونێودەوڵەتی دا.
ئۆبێرت بەناوی حكوومەتی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە د.فوئاد كرد بەبۆنەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق وئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عیراق لەبواری ئابووری ودابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی عیراق. باڵیۆزی فەڕەنسا دووپاتی كردەوە حكومەتی وڵاتەكەی كار بۆ هەبوونی رۆڵێكی گرنگ دەكات بۆ پێشخستنی دامەزراوەكانی حكوومەتی عیراق وكاریش بۆ دووبارە كردنەوەی ئاژانسی چەشەپێدانی فەڕەنسا دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی ڕاستەوخۆی حكومەتی عیراق.

هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە خودی سەرۆكی فەڕەنسا گرنگیەكی تەواو بە بارودۆخی عیراق دەدات بەتایبەتی دوای دەرچوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەو شار وناوچانەی داگیری كردبوون وئەو زیانانەی بەسەر رۆڵە وپێكهاتەكانی گەلی عیراق هێنا وئەو ئاسەوارانەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە جێی هێشت .

لەلای خۆشیەوە د.فوئاد حوسێن لەڕێگەی باڵیۆزی فەڕەنسا سوپاسی حكومەتی ئەو وڵاتە كرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامی لە حكوومەتی عیراق وئەوەشی خستەڕوو كە عیراق لەم قۆناغەدا پێویستی بە دۆستانی خۆی هەیە بەتایبەتی فەڕەنسا بە پێشخستنی توانا وشارەزاییەكانی عیراق بەتابیەتی لە بواری دووبارە داڕشتنەوەی دام ودەزگا حكومیەكان وسیستەمی بانكی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.