Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەشد و ھێزە عێراقییەكان سەرقاڵی بازرگانیكردنن.. ئاگایان لە دۆخی ئەمنیی مووسڵ نەماوە

 

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دەڵێ، دۆخی ئەمنیی مووسڵ زۆر خراپە و خەڵكی ھەست بە مەترسییەكی زۆر دەكەن، چونكە داعش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە و حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكانیش لەبەر كاری بازرگانی، ئاگایان لە دۆخی ئەمنیی شارەكە نەماوە.

محیەددین مزووری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی ١٤ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ئەمنیی شاری مووسڵ زۆر خراپە و داعش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە، چەند رۆژی ڕابردوویش چەندین چەكداری داعش لە سنووری وانكێ و بادۆش و ناوچەكانی دیكەی مووسڵ دەستگیر كراون، ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لە دڵی خەڵكی مووسڵدا دروست ببێت، بەوەی جارێكی دیكە داعش بەھێز بێتەوە و ھێرش بكاتەوە سەر مووسڵ، بۆیە رۆژانە چه‌ندخێزانێك لە مووسڵ ئاوارەی ھەرێمی كوردستان دەبنەوە".

مزووری گوتیشی: "لە ناوخۆی مووسڵ دامودەزگا حكوومییەكان بزانن ھەر خێزانێك دۆخی ئابووریی باشە و سەرمایەدارە، بانگی دەكەن و یەكێك لە ئەندامەكانیان دەستگیر دەكەن و تۆمەتی داعشبوونی دەدەنە پاڵ، كە بۆ ئازادكردنیشیان داوای پارەیەكی زۆر دەكەن، ئەمەیش وای كردووە خەڵكی مووسڵ زۆر لەو ھێزە ئەمنیانە بێزار بن".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی ١٤، دەشڵێ: "حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەكان لە مووسڵ ئاگایان لە ئەمنییەتی شار نەماوە و سەرقاڵی بازرگانیكردنن، بە تایبەت حەشدی شەعبی كۆنتاكتیان لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كردووە و زەویی شارەوانی بۆ خۆیان دەبەن و بازرگانیی پێوە دەكەن".

ئاماژەیشی دا: "چارەكردنی ئەم كێشەیە زۆر زەحمەتە و تەنیا بەوە دەكرێت لەسەر ئاستی باڵادا رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت و ئەو كێشەیە چارە بكرێت، ئەگەر نا زۆر زەحمەتە دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و داعش وەك پێشوو دەبێتەوە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر مووسڵ".

 

بڵند ئیبراھیم