Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تا حەفتەی داهاتوو مۆڵەت دراوەتە هەولێر و بەغدا لەسەر بوودجە ڕێک بکەون

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ ھەردوو لیژنەی حکوومەت و پەرلەمان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجە کۆ بوونەوە و تێیدا چەندین پێشنیار خرانە ڕوو.

ئیخلاس سەباح، ئەندامی لیژنەی دارایی و بەشداربووی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ھەردوو لیژنەی داراییی پەرلەمان و لیژنەی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق کۆ بوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک پێشنیار خرانە ڕوو، لەوانە زیادکردنی نرخی بەرمیلی نەوت و بوودجەی پێشمەرگە و داواش کرا، ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنێک بکەن و بیخەنە بەردەم لیژنەکە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەن، بۆیە ئەم چەند ڕۆژە دەدرێتە ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی ڕێک بکەون و حەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە لیژنەکە کۆ دەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات."

ئیخلاس سەباح گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھیچ کەسێک لاریی نەبوو لەبارەی داواکاریی کوردەوە لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا، بەڵام وا بە باشتر زانرا کە ڕێککەوتنێک بکرێت، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکەن کە ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن."

ئیخلاس سەباح گوتیشی: "گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا تا ئێستا ھەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تا دەگەنە ڕێککەوتنێک، چونکە چارەکردنی کێشەی پشکی ھەرێم لە بوودجەدا پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە."

بڵند ئیبراھیم