Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرستیانەکان ئامادەکاری بۆ بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتدا دەکەن

 

هەولێر-KDP.info-  پێکھاتەی کرستیان بڕیاری دا بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکات و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش پێی وایە، دەبێت لەسەر بنەمای پێکھاتە کورسییان پێ بدرێت نەک بە ڕێژەی کورسیی پەرلەمانی.

 

دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردووە و دوای ئەوەی ڕۆژانی ڕابردوو شاندی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆ بووەوە، بڕیارە ڕۆژانی داھاتوو لەگەڵ گشت لایەن و پێکھاتەکانی دیکەش کۆ ببێتەوە. وەحیدە یاقوو، نوێنەری پێشووی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: "لایەنەکانی پێکھاتەی کریستیان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن دەربارەی پڕۆسەی دانوستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، چونکە چەندین لایەنی سیاسی ھەن لە نێو کریستیانەکاندا و دەمانەوێ بە یەک پاکێج و بەرنامە و داواکاریی خۆمان بدەینە شاندی پارتی."

 

نوێنەرەکەی کریستیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە زۆر داخوازیمان ھەن بۆ حکوومەتی داھاتوو، بەڵام سەرەکیترینیان وەرگرتنی چەند پۆستێکە، لەوانەش پۆستێکی سیادی لە پەرلەمان، یان سەرۆکایەتیی حکوومەت، ھەروەها وەزیرێک بە پێکھاتەکان بدرێت و لە سنووری پارێزگای ھەولێر، یانیش دھۆک جێگرێکی پارێزگار بۆ کریستیان بێت، لەبەر ئەوەی ئێمە پێکھاتەی دووەمین لەو دوو پارێزگایەدا."

 

دەربارەی چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستەکان، یاقوو ڕوونی کردەوە: "خۆی ئەو لایەنەی ڕادەستپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە ژمارە مامەڵە لەگە ئێمەدا ناکات، وەک پێکھاتە، لەبەر ئەوەی ئێمە و تورکمان بە ھەموومان ١١ کورسیی پەرلەمانیمان ھەیە، بەڵام وەک پێکھاتە بەشداری دەکەین، لایەنەکانی کوردستانیش لارییان لەوە نییە لە نێو حکوومەتدا پۆست بە پێکھاتەکان بدرێت، تەنیا دەمێنێتەوە سەر ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا دەگەینە چ ئەنجامێک."

 

قائید میرۆ