Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەیدۆ: ئەوەی پەكەكە دەیكات له‌ شنگال مەترسییە.. كۆچەر: ئامانجیان زیانگەیاندنە بە ئێزدییەكان

 

شنگال-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌ڵێ، ئەوەی پەكەكە دەیكات له‌ شنگال مەترسییە و پێویستە رێگرییان لێ بكرێت، بەرپرسی ئاساییشی ڕۆژئاوای دیجلەش ده‌ڵێ، بوونی پەكەكە و لق و بەشەكانی لەم دەڤەرەدا، جگە لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی باڵای كوردستان و بەرژەوەندیی ئێزدییەكان، ھیچی دیكەی لە پشت نەبووە و نایشیبێت.

بەرپرسی ئاساییشی ڕۆژئاوای دیجلە لە شنگال، عەمید ئاشتی كۆچەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ئازادكردنی شنگال لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێژەیەكی زۆر لە شنگالییەكان گەڕانەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان، بەڵام زۆری نەبرد بە هۆی خیانەتەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، نائارامی دووبارە گەڕایەوە نێو شنگال و، حەشدی شەعبی  لەگەڵ پەكەكەدا ڕێك كەوت و دۆخەكەیان تێك دا."

كۆچەر، دەشڵێت،: "هەموو ئەو زەرەر و زیانانەیش كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بەر خەڵك كەوتوون، به‌ هۆی بوونی پەكەكەیە لە ناوچەكەدا، كە چەند لقێكی دیكەیشان ھەیە و ناوی جیاوازیان لێ ناون، بەڵام ھەمان ئاڕاستەی سیاسەتیان ھەیە و ڕێنمایی لە قەندیل وەردەگرن و ئامانجیانیشیان زیانگەیاندنە بە كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێزدییەكان".

لە سەدا ٨٥ی خەڵكی شنگال و ئێزدییەكان، لە كەمپەكانی كوردستاندان و تا ئێستا لە ترسی تۆقاندن و ڕفاندن و بەلاڕێدابردنی گەنجەكانیان لە لایەن پەكەكەوە، ناگەڕێنەوە جێگە و ڕێگەی خۆیان، بەڵكوو ئەو ئێزدیانەی لە شنگالیش ماون، دەیانەوێ بگەڕێنەوە كەمپەكان بۆ كوردستان لەبەر نەبوونی ئاساییش و ھەبوونی پەكەكە و حەشدی شەعبی.

پێوەست بەم پرسە، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شنگالییەكان بە ھیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەن پەكەكە بە ئارەزووی خۆی لە شنگال بێت و رێگری لە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكەین بزانین وەڵامی حكوومەت و ئیدارەی پارێزگای مووسڵ چی دەبێت".

دەشڵێ: "ئەوەی پەكەكە دەیكات كە خەڵكی له‌ شنگال دژی یەكتر بەكار دێنن، مەترسییە و پێویستە رێگرییان لێ بكرێت، جگە لەوەش تاوەكو ئیدارەی شەرعی نەبێت، ناتواندرێت ھیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە ناوچەكەدا ئەنجام بدرێت، چونكە ئێمە بە ھیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئیداره‌ی ناشەرعیدا ناكەین و ھەوڵەكانیش بەردەوام دەبن تاوەكو ئیدارەی شەرعی دەگەڕێتەوە سەر كار."

 

 

فایزە كۆیی - بڵند ئیبراھیم