Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەفین دزەیی: دۆخی شنگال قابیلی قبووڵ نییە.. بەغدا چاوپۆشیی لێ کردووە

 

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بووەتەوە. ئاشکرایشی کرد کە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بۆ تاوتووکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٩. جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر حکوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیشان بدات، ئەوا سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا گوتی: "پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت ئاسایی ببێتەوە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو هەنگاو بەهەنگاو کەشوهەوایەکی ئارامتر لە ئارادایە و ئێستا حکوومەتێکی تازە پێکهاتووە، هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە هێزەوە لە بەغدا بەشدارن، بۆیە بەپێویستی دەزانین کە بارودۆخەکە هێورتر بکرێتەوە".

سەفین دزەیی گوتیشی: "ئێستا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بە مەبەستی تاوتووکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ و ئەو بڕگە و بابەتانەی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، هەندێک بڕگەش هەیە کە گشتگیرە بە هەموو عێراق، پێویستە کە داکۆکی لێ بکرێت و لەو پڕۆژە یاسایە جێگیر بکرێت".

سەفین دزەیی ئاماژەی بە پێشنیازێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد دەربارەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا و گوتی: "لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کە نەوتی کەرکووک لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی تورکیا بکرێت، وەکو پێشنیاز و بیرۆکە پێشوازییان لێی کرد، بەڵام لە رووی پڕاکتیکییەوە بەداخەوە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرابوایە تا ئێستا شەش ملیار دۆلار داهاتی دەبوو بۆ عێراق، ئەو پارەیەش دەتواندرا بۆ پڕۆژەخزمەتگوزارییەکان سوودی لێ ببیندرێت بەتایبەت دەبینین لە شاری بەسرە چەندین کێشە هەیە، هیوادارین کە پێشنیازەکە قبووڵ بکرێت".

لەبارەی بارودۆخی شنگال و رێگرییەکان لە گەڕانەوەی ئیدارەی قەزاکە لە لایەن هێز و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "کاتێک کە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەستی پێکرد، رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان هەبوو کە دەبوو جگە لە هێزی عێراقی هیچ هێزێکی دیکە نەچێتە ئەو ناوچانە، بەڵام بەداخەوە لایەنی عێراقی ئەوەیان جێبەجێ نەکرد، ئەوە بوو حەشدی شەعبی چووە ناوچەکە و رێگاخۆشکەریش بوون بۆ ئەوەی پەکەکە یان ئەوانەی سەر بە پەکەکەن لە ناوچەکە باڵا دەست بن".

سەفین دزەیی گوتیشی: "ئیدارەی شەرعیی شنگال هەڵبژێردراوە کە قایمقام و سەرۆک شارەوانییە و هەموو پێکهاتەکانە، پێویستە بگەڕێنەوە ئەوێ و ئێمە نامانەوێت هیچ گرژییەک دروست بێت، بەڵام هەبوونی ئەو بارودۆخەی لە شنگال هەیە قابیلی قبووڵ نییە، حکوومەتی فیدڕاڵی پێویستە هەنگاو بنێت بە کشانەوەی ئەو هێزانە کە تا رادەیەک چاوپۆشی لێ کردووە بە هەبوونیان و هێزی فیدڕاڵی و پۆلیس و پێشمەرگە لەوێ جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانیت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پەیوەندییەکانیان باشە و ئاماژە بەوەش دەکات چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا هەبووە و گوتی: "پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا لە سەرەتای نەوەدەکانەوە (نەوەدەکانی سەدەی بیستەم) دەستی پێکرد و هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە دیووە، بەڵام لەسەر بنەمای دۆستانە و رێزگرتن و ئابووری و وزە و کۆمەڵێک شتی دیکە پەیوەندییەکان لە یەکتریمان نزیک دەکاتەوە، رەنگە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو دوورکەوتنەوەیەک هەبووبێت، بەڵام چەندین جار هاموشۆ و دیدار هەبووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووز (٢٠١٨) بەشداری کرد لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرکۆماری تورکیا و چەندین پەیوەندی دیکە هەبووە، بە گشتی پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدایە و خۆشحاڵین کە پەرەی زیاتری پێ بدەین".