Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆسیەی تاوانەكانی داعش دژی پێكھاتەكان، دەبرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

 

هەولێر-KDP.info- تا بە جینۆساید بناسرێن و جیھان لە دڕەندەیی داعش دژ بە پێكھاتەكانی كوردستان ئاشناتر بێت، بڕیارە لە ڕێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش بكرێت و پارێزەرێكیش دەڵێ، عێراق لەو دادگایەدا ئەندام نییە، ئەمەیش ئاستەنگی سەرەكییانە.

ئەیاد كاكەیی، پارێزەری دۆسیەی جینۆساید ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی دابێت كۆنگرەیەك لەبارەی رۆڵی دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت و، بڕیاریشە ئێمە بەشداریی كۆنگرەكە بكەین، بێگومان لە چوارچێوەی بەشداریكردنمان نامەیەك لەبارەی تاوانەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ھەمبەر پێكھاتەكان لەگەڵ خۆماندا دەبەین بۆ ئەوەی رادەستی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بكەین، چونكە تا ئێستا دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتی ئامادە نییە كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش بكات، ئێمە بە داتا و ئامار ژمارەی قوربانیان و قەبارەی تاوان و دڕەندەیی داعش بەرانبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیلی كوردستان لە ھەموو پێكھاتەكان دەدەینە دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتی".

ئەو پارێزەرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بە ھۆی ئەوەی ھێشتا عێراق ئەندام نییە لە دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتیدا، ئەمەیان رێگرە بۆ ئەوەی تاوانەكانی داعش دژ بە خەڵكی كوردستان و عێراق بە جینۆساید بناسێنێت، چونكە ئەو تاوانانەی داعش ھەموو پێوەرێكی جینۆسایدیان تێدایە، تەنیا لەسەر ئەوە ماوە لە دادگایەكی نێودەوڵەتی ددانی پێدا بنرێت".

كاكەیی روونیشی كردەوە: "ھەوڵەكانمان بەردەوام دەبن بۆ بەجینۆسایدناساندن و بەنێودەوڵەتیكردنی تاوانەكانی داعش، ئەگەر لە دادگایەكی ناو عێراق كار بۆ ئەو مەلەفە بكەین، ئەو ھێزەی نابێت و دادگای نێودەوڵەتی سەنگی خۆی ھەیە كاتێك تاوانێك بە جینۆساید دەناسێنێت و پەسەندی دەكات".

 

قائید میرۆ