Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سوپاسالار: یەكخستنی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە دەستی پێكردووە

 

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگەی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ دەستی پێكردووە و سەرجەمیان لە چوارچێوەی لیوادا یەك دەخرێن.

لیوا سالار جەباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارێك لە وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە كە لە چوارچێوەی پڕۆژە چاكسازییەكەیە و ئەویش رێكخستنەوە و یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی لیواكاندا، بۆیە لە ئێستادا پڕۆسەكە دەستی پێكردووە و ھەموو ھێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ یەك دەخرێن و دەكرێنە لیوا ھاوشێوەی ئەو چواردە لیوایەی لە ماوەی ڕابردوودا دروست كراون".

جەباری گوتیشی، لە ئێستادا لە ھێزەكانی فەلەك دەستیان پێكردووە و ھەر سێ فەوج مەشق و راھێنانیان پێ دەكرێت و دواتریش دەكرێنە لیوایەك ھاوشێوەی لیواكانی دیكە، تاوەكوو ھەموو ھێزەكان یەك دەخرێن و ھەموویشی وەك یەك دەبێت.

دەشڵێ، یەكخستنی تەواوی ھێزەكانی ٧٠  و ٨٠ كاتی پێویستە، بەڵام بە بەردەوامی كاری بۆ دەكرێت و بە قۆناغ دەبێت و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت تاوەكو سەرجەم ھێزەكان یەك دەخرێن، ھێزی پێشمەرگەیش بە جۆرێكی لێ دێت كە ھەمووی دەبێتە یەك ھێز لە چوارچێوەی لیواكاندا.

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، باسی لەوەش كرد، پێشتر چوار فەوج دەكرانە لیوایەك كە ھەر فەوجێك ٦٢٢ پێشمەرگە دەبوون، بەڵام ئێستا سێ فەوج دەكرێنە لیوایەك، چونكە بەو شێوەیە باشتر دەتواندرێت كۆنتڕۆڵ بكرێن و رێك بخرێن.

 

بڵند ئیبراھیم